راگەیەندراوێک لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

 راگەیەندراوێک لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراویک بڵاو دەکاتەوە و تێیدا رایدەگەیەنێت، لاهور جەنگی بە شڵەژاوی و دوور لە هەموو نەریت و رێزێک، کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەما بەرامبەر حکوومەتی هەرێمیکوردستان و سەرۆکی حکوومەت بەکار دەهێنێت.

دەقی راگەیەندراوەکە:

دوای بڵاوبوونەوەی ڕوونکردنەوەیەکی ئاسایش لە بارەی کەسێک کە بە تۆمەتی سیخوری دەستگیرکراوە، لاهور جەنگی لە ژێر ناوی دەزگای زانیاری، بە شڵەژاوی و دوور لە هەموو نەریت و رێزێک ، نووسینێکی بڵاوکردووەتەوە کە کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەما و دەستەواژەی ئاڵۆز بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لەخۆ دەگرێت.

لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ دۆخی ناوخۆ و سەرقاڵی و بەرپرسیاریەتیمان بەرامبەر بەم رەوشەی ئێستای هەرێمی کوردستان، خۆمان بە وەڵامدانەوەی هەڵچوونەکانی ئەم کەسە سەرقاڵ ناکەین.

ناوبراو باس لە دادگا و یاسا دەکات، ئێمەش دووپاتی دەکەینەوە کە سەروەریی یاسا و نەهێشتنی سەرەڕۆیی و سەرکێشی بەرامبەر یاسا، بەرنامەی هەرە سەرەکیی کاری حکومەتی هەرێمە ، بۆیە پێمان باشە لاهور جەنگی رێکاری یاسایی بگرێتەبەر، ئەمە بۆ ئێمەش رێخۆشکەر دەبێت تاکو هەموو ئەو بەڵگانە بخەینە بەردەم دادگا کە سەلمێنەری سەرپێچی و یاساشکێنییەکانی ناوبراون.

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2020/3/20
Top