وەزیری ناوخۆ زیان لێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک بەسەر دەکاتەوە
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زیان لێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک بەسەر دەکاتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 20-3-2020، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرهاد ئەتروشی، پارێزگاری دهۆک کۆ بووەوە.
جگە لە قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتووانی لافاوەکە، رێکارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
رۆژی پێنجشەممە 19-3-2020، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کەسێکی 50 ساڵی لە دهۆک تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.
پێشتر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەزیری ناوخۆی راسپارد سەردانی دهۆک و زاخۆ بکات بۆ ئەوەی زیان لێکەوتووانی لافاوی چەند رۆژی رابردوو، بەسەر بکاتەوە.
دوای دروستبوونی لافاو لە گەڕەکی بەڕۆژکێی دهۆک و لە زاخۆ و زیانگەیشتن بە هاووڵاتییان، مەسرور بارزانی بڕیاری تەرخانکردنی بڕی دوو ملیار دیناری بۆ قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتووەکان، دا.
تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان 42 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و کەسێکیش گیانی لەدەست داوە.
باسنیوز
