ئاسایشی هەولێر: دوو تاوانبار کە لە پێناو دزینی پارە و ئۆتۆمبێل کەسێکیان کوشتبوو دەستگیر کران

ئاسایشی هەولێر: دوو تاوانبار کە لە پێناو دزینی پارە و ئۆتۆمبێل کەسێکیان کوشتبوو دەستگیر کران
ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی دوو تاوانباری راگەیاند کە کەسێکیان لەپێناو دزینی پارە و ئۆتۆمبێلەکەی کوشتبوو.

بە گوێرەی راگەیاندراوێکی ئاسایشی هەولێر ، ڕۆژی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٠، کەسێک بەناوی دەشتی فەیسەڵ محێدین کوژراوە و تەرمەکەی دۆزراوەتەوە، پاش ئەوەی تیمەکانی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بەڵگەکانی تاوانەکەیان کۆکردووەتەوە و بەدواداچوونیان کردووە، توانیویانە دوو تاوانبار بە ناوەکانی (م.ا.م) و (و.ع.ف) دەستگیر بکەن.

ئەوەش ئاشکرا کراوە کە ئەو دوو تاوانبارە دانیشتووی هەولێرن و دەشتی فەیسەڵیان کوشتووە تاوەکوو پارە و ئۆتۆمبێلەکەی بدزن، دوای گیرانیشیان، لەبەردەم دادوەر دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و بەپێی ماددەی ٤٠٦ی یاسای سزادانی عێراقی، بەندکراون و ڕێکارە یاساییەکانیان لە بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

ئاسایشی هەولێر دووپاتی کردووەتەوە کە هەوڵەکانیان لە پێناو پاراستنی ئارامی و سەروماڵی هاووڵاتیانە و تاوانبارانیش هەرگیز لە دەستی یاسا دەربازیان نابێت.










باسنیوز

Top