خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین لە زانكۆی سۆران دەست پێ دەكات
د. موسلیح موستەفا سەرۆكی زانكۆی سۆران، رایگەیاند، لەگەڵ هاوكارانم دوایین قۆناغەكانی بە ئەلیكترۆنیكردنی زانكۆمان تاوتوێ كرد، هەرچەندە لە ساڵی 2013 دەستمان پێ كردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی نەتوانرا زووتر تەواو بكرێت. ئێستا بە خۆشحاڵییەوە ڕای دەگەیەنین كە بەشێك لە خزمەتگوزارییەكانی كەمپەسی ئەلیكترۆنی زانكۆی سۆران بۆ مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەران دەخرێتە كار، كە هاوكارێكی گەورە دەبێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی سەردەمیانە پرۆسەی خوێندن لە زانكۆ بەڕێوە بچێت، بە تایبەت بۆ دۆخی هاوشێوەی ئێستا و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و خۆپارێزی مامۆستا و فەرمانبەران و قوتابیانمان، ئاسانكارییەكی تایبەتە بۆ بەردەوامی پرۆسەی خوێندن، لە ئەگەری درێژبوونەوەی دۆخی نائاسایی و خۆپارێزی و مانەوە لە ماڵەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن بەردەوام بێت".
گوتیشی: "ڕاگری فاكەڵتییەكانی زانكۆكەمان ڕاسپێردران تا بە زووترین كات ئامادەكاریی پێویست بۆ جێبەجێكردنیان بكەن وەكو: "بەشی یەكەمی كەمپەسی ئەلیكترۆنی بە خزمەتگوزارییەكان لە دوو هەفتەی داهاتوودا دەخرێتە كار بۆ ئەوەی لە سەرەتای مانگی نیسانەوە بە شێوەی ئۆنلاین خوێندن دەست پێ بكاتەوە، تەواوكردنی پرۆسەی پەیوەندیی ئۆنلاین لە نێوان قوتابیان و مامۆستایان لەڕێی ئەپڵیكەیشنە بەردەستەكان لەنێو كەمپەسی ئەلیكترۆنیی زانكۆ، كە لە سەرەتای ساڵی خوێندنەوە لە بەشی هەرە زۆری فاكەڵتی و بەش و قۆناغەكان پەیڕەو دەكرێن".
باسنیوز
