لە 20 کاژێری یەکەمی قەدەخەی هاتووچۆ لە کەلار 25 ئۆتۆمبێل دەستیان بەسەردا دەگیرێت

لە 20 کاژێری یەکەمی قەدەخەی هاتووچۆ لە کەلار 25 ئۆتۆمبێل دەستیان بەسەردا دەگیرێت
لە یەکەم رۆژی قەدەخەکردنی هاتووچۆ لە کەلار لە ماوەی 20 کاژێری یەکەمدا 300 سەرپێچی تۆمارکراون، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی گەرمیان دەڵێ "بەشێک لە هاونیشتمانیان پابەندی بڕیارەکە نەبوون".

راید کارزان مەجید، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی گەرمیان راگەیاند "ئیدارەی گەرمیان لە کاژێر 12ی شەوی ئەم شەوەوە قەدەخەی هاتووچۆی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بۆ ماوەی 72 کاژێر راگەیاند، هێزەکانی ئاسایش، پۆلیسی هاتووچۆ و پۆلیس بەرگریی شارستانی سەرپشککراون بۆ لێپێچینەوە لەو کەسانەی سەرپێچی دەکەن و بڕیارەکە وەکو خۆی جێبەجێ ناکەن".

گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی گەرمیان گوتیشی "بەشێک لە هاونیشتمانیان پابەندی بڕیارەکە نەبوون، بەداخەوە خەڵک هەست بە مەترسی و بەرپرسیارێتی ناکەن، لە کاژێر 8ی بەیانییەوە 300 مۆڵەتی شۆفێری لە شۆفێران وەرگیراونەتەوە و 25 ئۆتۆمبێل و 10 ماتۆڕسکیل دەستیان بەسەردا گیراوە".

ئەمەش لەکاتێکدایە کە قەدەخەی هاتووچۆ لە گەرمیان زیاتر لە ٤٨ کاژێری ماوە کە لەپێناو رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەیە.
Top