قایمقامی هەولێر بۆ هاونیشتمانیان: خۆتان تووشی لێپێچینەوە و سزا مەکەن

قایمقامی هەولێر بۆ هاونیشتمانیان: خۆتان تووشی لێپێچینەوە و سزا مەکەن
سەرەڕای قەدەخەکردنی هاتووچۆ لەنێو شارەکان، بەڵام هاتووچۆ لە بەشێک لە شەقامەکان بەردەوامە، لە هەندێک شوێن وەک بڵێی قەدەخەی هاتووچۆ رانەگەیێندراوە و مەترسیی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا نییە هاتووچۆ بەردەوامە.

بێ گوێدانە ئەوەی کە ئەم ڤایرۆسە گاڵتە نازانێ، هەندێک لە هاونیشتمانیان لە دەوری یەکدی کۆدەبنەوە، لەکاتێکدا قەرەباڵخی بە یەکێک لە رێگەکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دادەنرێت.

ئەوانەی لە دەرەوە دەبینرێن، دوو جۆرن، بەشێکیان بۆ کڕینی پێداویستیی رۆژانە و بەشێکیشیان بۆ بەسەربردنی کات لە دەرەوەی ماڵەکانیانن.

هەندێک کەس لەم دۆخەدا پرۆسەی هاوژینی پێکدەهێنن، ئەمەش سەرەڕای قەدەخەی هاتووچۆ و بێ گوێدانە کۆرۆنا، بەڵام ئەوان لە دۆخێکی ناخۆشدا یەکێک لە خۆشترین رۆژەکانی ژیانیان تۆماردەکەن.

قەدەخەی هاتووچۆ لەنێو هەولێر و سلێمانی تاوەکو کاژێر 12ی شەوی چوارشەممە بەردەوام دەبێت. حکومەت هۆشداری دەدات، ئەگەر هەر کەسێک پابەندی قەدەخەی هاتووچۆ و بڕیارەکان نەبێت و هەوڵی بەزاندنی هێڵی سوور بدات، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت و سزا دەدرێت.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر دەڵێت "بە خەڵک دەڵێین کە پابەندی بڕیارەکان بن و خۆیان رووبەڕووی لێپێچینەوە و سزا نەکەن".

چین ناوەندی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی خێرای کۆرۆنایە لە جیهان، ئێستا ئەو وڵاتە کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکەی راگەیاندووە ، یەکێک لەرێگاکانی پاشەکشەی پەتاکەلەو وڵاتە قەدەخەی هاتووچۆ و مانەوەی خەڵکبوو لە ماڵەکانییان ، هەرێمی کوردستان دەیەوێت سوود لە هەمان ئەزموون وەربگرێت
Top