داوای تەواوکردنی نەخۆشخانە ٢٩١ قەڕەوێڵییەکەی ڕانیە دەکرێت
لەو داوکارییەی ئەو پزیشک و ھاووڵاتییانەدا کە ئاراستەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین کراوە، ھاتووە: "لەسەروبەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا (کۆڤید ۱۹) داواتان لێ دەکەین نەخۆشخانەی (٢٩١) قەرەویڵەیی ڕانیە کە چەند ساڵە بیناکەی دروست کراوە و بەجێ ھێڵدراوە، تەواو بکەن چونکە جێگا و شوێنێکی ستڕاتیجی ھەیە و ژووری تەواو پێویستی تێدایە بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییان لە کاتی ھاتنەپێشەوەی نەخۆشی و پەتا و حاڵە تەندروستییەکانی دیکە".
بەپێی زانیارییەکانی ناو داواکارییەکە، نەخۆشخانەکە دەتوانێت زیاتر لە ۱۰۰ ئامێری ھەناسەی دەستکرد چەندین و سەنتەر و یەکەی پزیشکی حکومی وەک: (سەنتەری دڵ، سنگ و سییەکان، بۆڕییەکانی خوێن، سووتاوی، چارەسەریی شێرپەنجە، قوڕگ و لووت و گوێ، کۆئەندامی ھەرس، تیشک، ددان، چاو و یەکەی چاودێریی چڕ و چەندین ھۆڵی پێشکەوتووی نەشتەرگەری) لەخۆی بگرێت کە ئێستا ئەو سەنتەر و یەکانە لە ئیدارەکە نین و پێویستییەکی سەرەکین".
داواکاری ئەو پزیشک و ھاووڵاتییانە لە کاتێکدا کە ئەمڕۆ ئیدارەی ڕاپەڕین لەسەر ئەرکی خێرخوازو سەرمایەدارانی سنوورەکە بڕیاری دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە نەخۆشییە گوازراوەکانی لە شارەدێی چوارقوڕنەی سنوورەکە دا".
باسنيوز
