پارێزگاری هەولێر: دڵنیابن لەگەڵ خەڵكی كەمدەرامەت و هەژار دەمێنینەوە
پارێزگاری هەولێر لەبارەی دەسپێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەکە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن گوتی ئەمڕۆ دەست بە پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی 70 قەرەوێڵەیی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا لە شاری هەولێر کرا، سوپاسی هەموو ئەو ڕێکخراو و کۆمپانیا و سەرمایەدارانەی كرد کە بۆ دروستکردن و بنیاتنانی ئەم نەخۆشخانەیە دەستپێشخەرییان كردووە.
فرسەت سۆفی سوپاسی ئەو سەرمایەدارە خێرخواز و ڕێكخراوانەش كرد كە دەستپێشخەرییان بۆ هاوکاری و یارمەتیدانی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت كردووە، ئەوانەی بەهۆی بارودۆخی ئێستاوە پێویستیان بە یارمەتی و کۆمەک هەیە.
خەڵکی شاری هەولێری دڵنیا كردەوە، پەنا بەخوا بارودۆخەکە لەوە زیاتر تێناپەڕێ، ئەگەر خوانەخواستە زیاتریش بوو، ئەوا هیچ نیگەران نەبن، ئەوان هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە.
پارێزگاری هەولێر هەروەها ڕایگەیاند "دوای ڕاگەیاندنی هێڵی گەرم بۆ کۆمەک کردن و یارمەتیدانی هەژار و کەم دەرامەتان بە ژمارەی (07502061515) لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕێوشوێنی تایبەتیان گرتووەتەبەر، تکاشی كرد تەنها ئەو هاووڵاتییانەی زۆر پێویستیان بە هاوکاری و کۆمەک هەیە، پەیوەندی بکەن. گوتیشی "دڵنیابن لەگەڵ خەڵکی کەمدەرامەت و خەڵکی هەژار دەمێنینەوە".
پارێزگاری هەولێر نەخۆشخانەی ئیماراتیشی بەسەر کردەوە، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر تایبەت کراوە بە نەخۆشانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای هەولێر.
باسنيوز
