تەندروستیی سلێمانی داوادەکات تەنها رێگە بە هاوردەکردنی خۆراک و پێداویستیی پزیشکی بدرێت
نووسراوەکە ئیمزای د. سەباح نەسرەدین ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لەسەرە و تێیدا هاتووە "بەهۆی قەرەباڵخی و تێکەڵییەکی زۆری شۆفێرە ئێرانی و عێراقییەکان و نەبوونی هیچ میکانیزمێک بۆ کۆنترۆڵکردنی، بەزووترین کات بڕیار بدرێت تەنها رێگە بە هاوردەکردنی خۆراک و پێداویستیی پزیشکی بدرێت".
جگە لەوە، هەر لە نووسراوەکەدا داوای سنووردارکردنی هێنانی سووتەمەنی بەپێی پێداویستیی شاری سلێمانی کراوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، زۆرینەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە یاخود بەریەککەوتنیان لەگەڵ ئەو کەسانە هەبووە کە لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 34 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە یەک کەس گیانی لەدەستداوە و کەسێکیش بەتەواوی چاکبووەتەوە.
