قەدەخەی هاتووچۆ بۆ ماوەی 24 کاژێر لە هەڵەبجە هەڵدەگیرێت

قەدەخەی هاتووچۆ بۆ ماوەی 24 کاژێر لە هەڵەبجە هەڵدەگیرێت
پارێزگاری هەڵەبجە لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، رۆژی 16ی ئادار لەبەرئەوەی کەسوکاری شەهیدان و هاونیشتمانیان بەشێوەی گشتی سەردانی مەزاری ئازیزانیان دەكەن "قەدەغەی هاتووچۆ بۆ هاونیشتمانیان لەنێو شاری هەڵەبجە بە کاتی و بۆ ماوەی 24 کاژێر کۆتایی دێت".

بەپێی راگەیێندراوەکەی پارێزگاری هەڵەبجە "سبەی بۆ هاونیشتمانیان هاتووچۆ لەناو شاردا قەدەخە نییە، جگە لە نێو بازاڕی هەڵەبجە كە (لە سەرۆکایەتیی شارەوانی بۆ مامۆستای نەناسراو، لە سەرۆکایەتیی شارەوانی بۆ فولکەی عومەری خاوەر، لە مامۆستای نەناسراو بۆ کازیوە، لە مزگەوتی جامعە بۆ تەلاری خەڵات، لە كازیوە بۆ مزگەوتی مەلا عبدالکریم مدریس) دەگرێتەوە، قەدەخەکراوە".

هاوكات هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرجەم نانەواخانە، سەمونخانە و دەرمانخانەکان لەگەڵ سەرجەم مارکێتەکان لە کۆڵانەکان لە هەڵەبجە، بە مەرجی ڕێنماییە تەندروستییەکان دەتوانن کراوەبن.

پارێزگاری هەڵەبجە داوای لە هاونیشتمانیان کردووە "بەپێی پێویست سەردانی مارکێتەکان بکەن و قەرەباڵخی بە هیچ شێوەیەک دروستنەکەن، لەبەر سەلامەتیی خۆیان و سەرجەم هاونیشتمانیان".

لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 34 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون کە یەکێک لە تووشبووەکان لە هەڵەبجەیە، لەو ژمارەیەش تووشبوویەکیان گیانی لەدەستداوە و تووشبوویەکی دیکەش بەتەواوی چاکبووەتەوە.
Top