وەزارەتی خوێندنی باڵا لە سلێمانی یەکەم تاقیگەی زانستیی تایبەت بە کۆرۆنا دەکاتەوە
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راگەیاند "لە چوارچێوەی بڕیار و ڕاسپاردەکانی ژووری عەمەلیاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ئەمڕۆ د. ئارام محمد قادر لە دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، یەکەمین تاقیگەی زانستیی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆناى کردەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتیشی "لەمیانەی کردنەوەی تاقیگەکەدا، وەزیری خوێندنی باڵا یەکەمین خەلات (گرانت)ی تایبەت بە توێژینەوەکانی بواری ڤایرۆسى کۆرۆنای راگەیاند".
د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەکاتی کردنەوەی تاقیگەکە رایگەیاند "بەشێکی تاقیگەکە تایبەت دەبێت بە پشکنین و دەستنیشانکردنی نەخۆشیی کۆرۆنا و هەموو تەکنۆلۆژیا و پێداویستییەکانی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەی بۆ دەستەبەر کراوە، بە تایبەت ئامێری (ریەڵ تایم) و لە حاڵەتی پێویستدا یارمەتیدەری دامودەزگاکانی وەزارەتی تەندروستی دەبێت لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە".
وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کرد "ئەم هەنگاوە دەرفەتی گونجاو دەبێت بۆ توێژەرانی زانکۆکانمان کە سوود لەم تاقیگەیە وەربگرن بۆ ئەنجامدانی ئەو توێژینەوانەی کە یارمەتیدەر دەبن بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە تایبەتمەندییەکانی ئەو ڤایرۆسە نوێیە و چۆنێتی رووبەڕووبوونەوە و کۆنترۆڵکردنی".
لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 29 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، تووشبوویەکیان بەتەواوی چاکبووەتەوە و تووشبوویەکیش گیانی لەدەستداوە. رێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ رووبەڕووبوونەوە و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامن و ئەمڕۆ قەدەخەی هاتووچۆ لەنێو شارەکانی هەولێر و سلێمانی بۆ ماوەی 72 کاژێری دیکە درێژکرایەوە.
