وەزارەتی تەندروستی: پێنج کەسی دیکە لە سلێمانی تووشی کۆرۆنا بوون
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، پێنج تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە شاری سلێمانی دەستنیشانکران".
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئەو پێنج تووشبووە پێکهاتوون لە: برایەک و دوو منداڵی تووشبووەکەی ئەمڕۆ لەگەڵ خزمێک و خوشکێکی تووشبووەکەی پێشوو کە مامۆستایەکی ئایینی بوو و لە سلێمانی گیانی لەدەستدا.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 15-03-2020 وەزارەتی تەندروستی تووشبوونی پیاوێکی تەمەن 46 ساڵی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی راگەیاند.
کۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان 34 تووشبووە، لەنێویاندا کەسێک گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەی تووشبوو بەتەواوی چاکبووەتەوە و هەموویان ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکی دان.
