ئومێد خۆشناو: ژمارەیەک پەرلەمانتاری یەکێتی دڵەوڕاوکێ بڵاو دەکەنەوە

ئومێد خۆشناو: ژمارەیەک پەرلەمانتاری یەکێتی دڵەوڕاوکێ بڵاو دەکەنەوە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رای گەیاند، ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەداتەوە و ئاشکرای دەکات کە ئەو پەرلەمانتارانە دڵەڕاوکێ بڵاو دەکەنەوە.

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، چه‌ند ڕۆژێکه‌ ژماره‌یه‌ک په‌رله‌مانتاری یه‌کێتی، له جێگەی پشتیوانیکردن له‌ هه‌وڵه‌کانی حکوومەت بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئاماده‌کارییه‌کان بۆ ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسەکە، ”به‌ مه‌به‌ست و ده‌رفه‌تی ده‌بینن په‌لاماری حکوومه‌ت بده‌ن و دڵه‌ڕاوکێ بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌“.

خۆشناو داوا لە پەرلەمانتارەکانی یەکێتی دەکات، هەر پرسیارێکیان هەبوو، “لە میدیا و سۆسیال میدیاوە سەری خەڵکی پێ مەهێشێنن، بفەرموون پرسیارەکانتان لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سه‌رۆکی حکوومه‌ت بکه‌ن، با وه‌ڵامتان بداته‌وه‌ و ڕاستیی دۆخه‌که‌تان پێ بڵێت”.

جەختیشی کردووەتەوە کە*مافی ئاسایی و یاسایی هه‌موو چین و توێژێکه‌ داوای ماف و مووچه‌ی خۆی بکات، ئه‌رکی حکوومه‌تیشه‌ ماف و به‌رکه‌وته‌ کەسییەکانی هه‌موو مووچه‌خۆر و پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتیان دابین بکات، بەڵام “لە ھەموو دونیادا پەرلەمان پاڵپشتیی حکوومەت بووە لە کاتی قەیراندا. بۆیه‌ پێویسته پەرلەمانتاران بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەڵسن لەم قۆناغە و ئەم وەڵام و وەڵامدانەوە پێمان وا نییە ھیچ خزمەت بە بارودۆخەکە بگەیەنێت”.

ئومێد خۆشناو پێیوایە حکوومەت سیاسەتی خۆی جێبەجێ دەکات و بە پێی توانای مرۆیی و دارایی و درێغیش ناکات، “ئێمه‌ش له ‌په‌رله‌مان وێڕای چاودێری، پێویسته‌ پشتیوانی له‌ حکوومه‌تی خۆمان بکه‌ین و ئێمه و ئه‌وان جیاواز نین، به‌ڵکوو ته‌واوکاری یه‌کترین”.

ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە “‌خه‌ڵکی کوردستان ماندووە‌ و چیتر هیلاکی مه‌که‌ن، ئێوه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ناکه‌ن، خه‌ڵک ئه‌زیه‌ت مه‌ده‌ن و ئه‌زیه‌ت بکێشن په‌یوه‌ندی به‌ جێگری سه‌رۆکی حکوومه‌تەوە بکه‌ن و وه‌ڵامی دروست لەو وه‌ربگرن. خۆ ئه‌گه‌ر هیچی خێریشتان بۆ کوردستان پێناکرێ، ده‌توانن نزا بۆ خه‌ڵکی کوردستان بکه‌ن کە پارێزراو بێت”.

پێشتریش جەلال محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لەسەر پرسی دابەشکردنی مووچە بە توندی وەڵامی پەرلەمانتارێکی یەکێتی دابووەوە و رای گەیاندبوو کە ئێستاش هەندێک کەسی باڵادەستی نێو یەکێتی بیرە نەوتەکان و دەروازە سنوورییەکانیان “قۆرخ کردووە” و با پەرلەمانتاران کاری پیشەیی خۆیان بکەن.











باسنيوز

Top