وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەی هاتوچۆی بۆ ٧٢ کاتژمێر دەرکرد

وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەی هاتوچۆی بۆ ٧٢ کاتژمێر دەرکرد
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی راگرتنی هاتوچۆی لە نێو هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی بۆ ٧٢ کاتژمێری دیکە دەرکرد.

بە گوێرەی بەیانی ژمارە ١٨ی وەزارەتی ناوخۆ کە بە واژووی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دەرکراوە، ماوەی راگرتنی هاتوچۆ لە نێوان هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر دراوە کە لە ١٢ی ئەمشەوەوە دەست پێ دەکات.

هاوکات بڕیار دراوە هاتوچۆ لە نێوان قەزاکانی هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر ڕابگیرێت کە بە هەمان شێوە لە ١٢ی ئەمشەوەوە دەست پێ دەکات.

هەر بە گوێرەی بەیانەکە، دەسەڵات بە پارێزگاری هەولێر و سلێمانی دراوە، چۆنیەتیی دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان لەم ماوەیە ڕێک بخەن، بە شێوەیەک کار لە جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ نەکات.

ئەوەش ئاشکرا کراوە، دوا وادە بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتیان بۆ هەرێمی کوردستان، کاتژمێر ١٢ی شەوی ١٦ لەسەر ١٧ی ئاداری ٢٠٢٠ دەبێت و دوای ئەو بەروارە، تەواوی دەروازە سنوورییەکان بە ڕووی گەشتیاراندا دادەخرێت و تەنها بە ڕووی جموجۆڵی بازرگانی کراوە دەبێت لە دەروازە سنوورییەکانی (پەروێزخان، حاجی ئۆمەران، ئیبراهیم خەلیل و باشماخ) بەو مەرجانەی کە پێشتر بڕیاریان لێدراوە.

هەر لە بەیانەکەدا وەزیری ناوخۆ سوپاسی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانی کردووە، بۆ پابەندبوونیان بە ڕێنوێنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و داوای کردووە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.










باسنيوز

Top