ته‌ندروستیی هه‌ولێر ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه‌

 ته‌ندروستیی هه‌ولێر ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه‌
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر، ده‌نگۆى تووشبوونى پزیشكێكى دیكه‌ به‌ ڤایرۆسى كۆرۆنا ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌.

شه‌وى ڕابردوو 14/3/2020، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر، له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك)، ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كى بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌: "لە هەندێک کەناڵ و ئەکاونت زانیاریی ناڕاست بڵاو کراوەتەوە کە گوایە ئەمڕۆ لە شاری هەولێر پزیشکێکی ئافرەت تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە".

باس له‌وه‌ش كراوه‌: "ئەم هەواڵانە ڕەت دەکەینەوە کە دوورن لە بەهای کاری میدیایی و بێ هەستکردن بە بەهاکانی دەروونیی هاووڵاتییان، لێرەوە ڕوونی دەکەینەوە کە هەواڵەکان ناڕاستن و پڕوپاگندەیە و هەستنەکردنە بەرامبەر زانیارییە دروستەکان".

له‌ ڕوونكردنه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو: "ئێمە وەکوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، ئەم هەواڵە ناڕاستانە ڕەت دەکەینەوە و بۆ ڕای گشتی ڕوونی دەکەینەوە، وەکوو چۆن زانیارییەکان ڕاست و ڕەوان ڕادەگەیه‌نین، هەر حاڵەتێکیش هەبێ لە ڕێگەی لێژنەی بەرەنگاربوونەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕای دەگەیه‌نین و نایشارینەوە بۆ هاونیشتیمانیانی خۆشەویستی شاری هەولێر".

ته‌ندروستیی هه‌ولێر جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌، هەر دەزگایەک یا کەسێک هەواڵی ناڕاست بڵاو بکاتەوە، بێ ئەوەی پشت بە سەرچاوەی زانیارییەکان ببەستێت، سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەن، "چونکە دەبێتە هۆی ناوزڕاندن و شێواندنی دەروونی هاووڵاتی".




باسنيوز
Top