تەندروستیی دهۆک: ھیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا تۆمارنەکراوە

تەندروستیی دهۆک: ھیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا تۆمارنەکراوە
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک تووشی کۆرۆنا نەبووە و ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی لێوەدەکرێت دوورە لە راستییەوە.

د. نزار عیسمەت، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک راگەیاند، "ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە باسی لێوە دەکرێت گوایە کەسێک لە دهۆک تووشی کۆرۆنا بووە، دوورە لە راستییەوە، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لە پارێزگاکە تووشی کۆرۆنا نەبووە".

دوای ئەوەی پزیشکێکی ھەولێر تووشی کۆرۆنا بوو خوارزایەکی ئەو پزیشکە کە لە ناوچەی شێخانە پەیوەندی بە تەندروستیی شێخانەوە دەکات، دواتر پشکنینی بۆ کراوە و دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە تووشی کۆرۆنا بووە.

سەردار یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان راگەیاند: "دوای ئەوەی پزیشکێکی ھەولێر تووشی کۆرۆنا بوو، پارێزگاری ھەولێر داوایکرد ھەر کەسێک سەردانی ئەو پزیشکەی کردووە پەیوەندی بکات و پشکنین ئەنجام بدات، رۆژی 13-3-2020 خوارزایەکی ئەو پزیشکە کە لە کۆمپانیایەک لە شێخان کاردەکات پەیوەندی بە تەندروستیی شێخانەوە کرد وئەنجامەکەی نێگەتیڤ دەرچوو و تەندروستیشی زۆر باشە".

قایمقامی قەزای شێخان دەشڵێت " ئێستا خوارزای پزیشکەکەی هەولێر لەگەڵ 58 هاوڕێی لە شوێنی خۆیان و لە کەمپێکی کۆمپانیاکە بۆ ماوەی 14 رۆژ ڤارێزکراون و ماوەی دوو رۆژە پشکنینیان بۆ دەکەین و تەندروستی هەموویان جێگیرە".
Top