پۆلیسی سلێمانی: نانەواخانە، دەرمانخانە و مارکێتی گەڕەکەکان دەکرێنەوە
لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە، لە رۆژی یەکشەممە 15-03-2020ـەوە رێکاری نوێ دەگیردرێتەبەر و هەرکەس پابەند نەبێت رێکاری پێویستی بەرامبەر دەگیردرێتەبەر.
هاوکات لەبەر ئەوەی قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندراوە، بۆ ئاسانکاری بۆ هاونیشتمانییان بڕیار دراوە، رێگە بە گواستنەوەی سەوزە و میوەکان بۆ ماڵان بدرێت. هاونیشتمانییان تەنیا لە سنووری گەڕەکەکانیاندا دەتوانن بە مەبەستی کڕینی پێداویستی بێنە دەرەوە.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، هەر هاونیشتمانییەک بۆ کڕینی پێداویستی بێتە دەرەوە، مۆڵەتی شۆفێری و ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکەی لێوەردەگیردرێت تاوەکو دەگەڕێتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، تەنیا رێگە بە هاتووچۆی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی ئاو، کارەبا، تەندروستی، شارەوانی و هێزە ئەمنییەکان دەدرێت.
هەروەها باس لەوە کراوە، گەیاندنی نەخۆش بۆ نەخۆشخانەکان رێگەپێدراوە.
رۆژی هەینی 13-03-2020 لەسەر راسپاردەی وەزارەتی تەندروستی و بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، لەپێناو بڵاونەبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ ماوەی 48 كاژێر هاتووچۆی هاونیشتمانییان لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر راگەیێندرا.
