جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی پەروێزخان رادەگیرێت

جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی پەروێزخان رادەگیرێت
لەپێناو پاراستنی تەندروستیی هاونیشتمانییان و خۆپارێزی و تووندوتۆڵکردن و رێکخستنەوەی کاروباری بارزگانی، جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی پەروێزخان بۆ ماوەی دوو رۆژ رادەگیردرێت.

بەپێی نووسراوێک کە واژۆی ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستانی لەسەرە و ئاراستەی دەروازەی پەروێزخان کراوە، ئاماژە بەوە دراوە، بڕیاردرا جووڵەی بازرگانی لە دەروازەی پەروێزخان بەشێوەیەکی کاتی لە کاژێر 08:00ی شەوی 14-03-2020 بۆ رۆژی 16-03-2020 رابگیردرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی کاتی بۆ سێ رۆژ دەروازەی نیودەوڵەتیی پەروێزخان رادەگیرێت.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان لە بروسکەیەکی تایبەتدا بە ژمارە 4 کە ئەمڕۆ دەرچووە و ئاراستەی دەروازەی پەروێزخان و بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی گەرمیانی کردووە، تێیدا باس لە راگرتنی جموجۆڵی بازرگانیی بەشێوەی کاتی بۆ ماوەی سێ رۆژ لە دەروازەی پەروێزخان دەکات.

لە برووسکەکەدا هاتووە، لەپێناو پاراستنی تەندروستیی هاوڵاتییان و خۆپارێزی و توندوتۆڵکردن و رێکخستنەوەی کاروباری بازرگانی و لەسەر رەزامەندیی وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاردرا بە راگرتنی جووڵەی بازرگانی لە دەروازەی پەروێخان (بە شێوەی کاتی) لە کاتژمێر 8:00ی شەوی 14-03-2020 بۆ 8:00ی بەرەبەیانی 16-03-2020

هەروەها شەهاب ئەحمەد، قایمقامی قەزای کەلار راگەیاند، "ئەو رێوشوێنەی لەبارەی دەروازەکانەوە گیراوەتە بەر، رێکاری کاتین و بۆمەبەستی رێکخستنەوە گیراوەتە بەر."
Top