سزادراوانی نێو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لەوە دەترسن تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببن
سزادراوێک گوتی ، "لەبەر ئەوەی زۆر قەرەباڵخە، مەترسیی زۆر هەیە. لە ژوورێکدا نزیکەی 30 تاوەکو 35 کەسی تێدایە. بەپێی رێنماییەکانیش دەبێت قەرەباڵخی دروستنەکرێت".
لە چاکسازیی گەورانی هەولێر دوو هەزار و 40 سزادراو هەن. رێکارەکانی خۆپارێزی و پێشگیری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراونەتەبەر. سەردانیکردن بۆ لای سزادراوان و پێدانی مۆڵەت بە سزادراوان راگیراوە، بەڵام ئەو رێکارانە هێشتا مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان کەم نەکردووەتەوە.
هێمن فاروق، بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی هەولێر راگەیاند، "سزادراوانی نێو چاکسازیی گەوران لە رێژەی ستاندارد زیاترە، ئەوەیش دەبێتە مەترسیی تەندروستی لەم کات و ساتەدا کە ڤایرۆسێکی وا مەترسیدار بڵاوە. ".
لە شەش چاکسازییەکەی هەرێمی کوردستان ڤارێز کراونەتەوە. لە هەولێر هەشت سزادراو بۆ ماوەی 14 رۆژ ڤارێز کرابوون کە دوو سزادراو گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان لێدەکرا، بەڵام پشکنینەکانیان نەرێنی دەرچوون. بۆ پێشگیری لە بلاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەنێو چاکسازییەکان، بەرێوەبەرایەتیی گشتیی چاکسازییەکان داوایان کردووە سزادراوانی تیرۆر کە هەزار و 800 کەس دەبن، بگوازرێنەوە بۆ دهۆک و چەمچەماڵ.
ئەحمەد نەجمەدین، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ کۆبووینەوە. باسی ئەوەمان کرد کە ژمارەی سزادراوان لە چاکسازییەکاندا لە سەرووی ستانداردەوەیە و پێویستە رێگەچارەیەک بدۆزینەوە بۆئەوەی ئەو ژمارەیە کەم بکەینەوە".
لە هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و 406 سزادراو هەن، بە جۆرێک لە هەولێر دوو هەزار و 280، دهۆک هەزار و 570، سلێمانی هەزار و 306 لەگەڵ 250 راگیراو لە چاکسازییەکانن.
