بازاڕەکانی ئاژەڵ و پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان هێشتا دانەخراون
لە بازاڕی ئاژەڵان بازاڕ گەرمە و هەرای مامەڵە هەموولای تەنیوە. ئاژەڵفرۆشان هەرچەند لە پاکوخاوێنیی بازاڕەکە ناڕازین، بەڵام خۆیشیان وەک رۆژانی ئاسایی دێنە ئێرە.
فرۆشیارێکی مەڕوماڵات دەڵێ "ئێمە کۆرۆنا نازانین ئەگەر ئێوە بیرمان نەهێننەوە"، فرۆشیارێکی دیکە دەڵێ "لەبەر بۆنی مەیدانی ئاژەڵفرۆشان، کۆرۆنا نایەتە ئێرە".
لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، بازاڕەکانی ئاژەڵ و پەلەوەر سەرەڕای قەرەباڵخیی زۆر، هێشتا دانەخراون و بەردەوامن.
لە بازاڕی ئاژەڵانی سلێمانی و دهۆک تەنیا یەک دوو جار ئاگادارکردنەوە دراوە، هیچ ئاگادارکردنەوەیەک بۆ داخرانی بازاڕەکانیان بۆ نەهاتووە.
نە مەرجەکانی خۆپاراستن و نە رێنماییەکانی تەندروستی هیچیان لە بازاڕی پەلەوەر لە کەرکووک نابینرێن.
دوای نزیکەی دوو هەفتە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری راگرتنی دەوامی قوتابخانە، زانکۆ و زۆربەی شوێنە گشتییەکانیشی دەرکرد.
بازاڕی ئاژەڵان لەو شوێنانەن کە هێشتا بڕیاری داخستن نەیگرتوونەوە، لە حاڵێکدا لە قەرەباڵغترین شوێنە گشتییەکانن کە نەک لە هەموو شارەکانی باشووری کوردستان، بەڵکو لە عێراق و وڵاتانی دەوروبەریشەوە خەڵکێکی زۆر روویتێدەکەن.
