پارێزگاری هەولێر: لە ماڵەکانتان بمێننەوە بە دوو هەفتەی دیکە بەسەر ئەم نەخۆشییە سەردەکەوین
کەمێک لەمەوبەر لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ رای گەیاند، ڕێکارەکانیان بۆ خۆپارێزییە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و پێویستە کەمترین هاتوچۆ هەبێت. هیواشی خواست کە دۆخەکە نەگاتە ئاستی ئەوەی هاتوچۆ لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی رابگیرێت کە ئێستا بڕیارە تەنیا لە نێوان پارێزگاکاندا رابگیرێت.
هاوکات سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان هێشتا لە گەڕان بە دوای تووشبوانی ڤایرۆسەکە بەردەوامن و ئەگەر هاووڵاتیانیش زانیارییان هەیە لەبارەی ئەوانەی لە ئێران بوون، یان ئەوانەی بەرکەوتەیان لەگەڵدا هەبوون، ئەوا خۆبەخشانە خۆیان سەردانی ناوەندە تەندروستییەکان بکەن.
هەر لە پرێس کۆنفرانسەکەدا فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکی درێژ لەگەڵ وەزیری ناوخۆ، وەزیری تەندروستی، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و قایمقامەکان، گفتوگۆیەکی تێر و تەسەلیان لەبارەی ڕێوشوێنەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کردووە و ئاماژەی بەوە کرد: ”بە هاووڵاتیانی هەولێر دەڵێم، هیچ قەیرانێکی کڕینمان نییە، مەرزەکان ئاڵوگۆڕیان بەردەوامە و لەگەڵ عێراقیش لە شێراوە گۆڕەپانێکمان داناوە، لەوێ ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکەین. بۆیە داوا لە خەڵکی دەکەین دڵنیا بن لە ڕووی بازرگانییەوە دۆخەکە وەکوو خۆیەتی“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە سەرجەم کافتریاکان و چایخانەکان لەمەودوا دادەخرێن و بازاڕە میللییەکان و ئەو بازاڕانەشی کە قەرەباڵخن، لە دەسەڵاتی قایمقامەکانە بڕیاریان لەبارەوە بدەن. گوتیشی: ”سەرجەم چێشتخانە و ڕێستورانتەکان لە ١٤ی مانگ بەدواوە دادەخرێن، تەنیا بە دیلیڤەری خواردن دەتوانن بگەیەننە خەڵک. ڕێوشوێنی توند بۆ سەربڕخانە و مەیدانەکانی ئاژەڵان دادەنرێت. هەڵمەتی ڕشاندن بەردەوام دەبێت. کەمپی پەنابەران و بەندیخانەکان و شوێنی بەساڵاچوان و شوێنەکانی نەوجەوانان، ڕێوشوێنی توند دانراوە“.
پارێزگاری هەولێر رای گەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا داوایان لە هەردوو وەزیری ناوخۆ و تەندروستی کردووە، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، بە رەچاوکردنی دۆخی خەڵک، چ ئەگەر کرێچی حکوومەت بن یان کرێچی خەڵک بن، پێشنیاز بکەن ڕێژەی کرێ کەم بکرێتەوە. گوتیشی: ”داوا لە سەرۆکی حکوومەت و ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین، ئەمە بە هەند وەربگرێت چونکە خەڵکی لە بڕیارەکانمان زەرەرمەند دەبن“.
فرسەت سۆفی دووپاتی کردەوە: ”تکایە لە ماڵەکانتان بمێننەوە. تەنیا دوو هەفتەی تر دەتوانین سەرکەوتنی خۆمان بەسەر ئەم نەخۆشییە رابگەیەنین. نەورۆز مەکەن و لە ماڵەوە بمێننەوە. ئێمەش ڕێوشوێنی پێویست دەگرینە بەر“.
باسنيوز
