قایمقامی سلێمانی: چایخانهكانى سههۆڵهكه دادهخرێن
ئهمڕۆ پێنجشهممه 12/3/2020، ئاوات مەحموود، قایمقامی سلێمانی، له پرێس كۆنفرانسێكدا ڕاى گهیاند: "بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لە ترسی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە، بڕیار درا بۆ ماوەیەکی کاتی چایخانهكانی سنووری شهقامی سالم (سەھۆڵەکە) و چایخانهی شهعب دابخرێن، چونكه ئەم شوێنانە بەردەوام قەڕەباڵغن، بێگومان ئەوەش مەترسیی زیاتری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لێ دەکرێت".
گوتیشی: "لەپێناو تەندروستیی ھاووڵاتییان، لەمڕۆوه ڕێوشوێنهكانی داخستنی ئارایشتگاكان، سهرتاشخانه، چایخانه و شوێنه گهشتیارییهكانی دیکە دهخرێنه بواری جێبهجێكردنهوه، تا ئەوکاتەی مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایۆرسی کۆرۆنا نامێنێت، ھەروەھا چایخانەی كولتووری سەرای سلێمانی دادەخرێت، چونکە بەپێی ڕێنوێنییهكانى ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی شۆێنی قەڕەباڵغی ھەستیارە و ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا".
ڤایرۆسی کۆرۆنا ماوەی چەند مانگێکە لە جیھاندا بڵاو بووەتەوە، تا ئێستا لە ھەرێمی کوردستان، 19 حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراوه، لەو ڕێژەیەش 11 تووشبووی ڤایرۆسەکە له سلێمانین، ھەفتەی ڕابردووش ھاوڵاتییەکی تەمەن 64 ساڵ بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لە سلێمانی گیانی لەدەست دا.
باسنيوز
