سەرۆكی شارەوانی هەولێر بۆ گوڵان: رێژەی داهاتی ریكلام و زبڵوخاشاك كە بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر دەگەڕێندرایەوە كەمكراوەتەوە

سەرۆكی شارەوانی هەولێر بۆ گوڵان: رێژەی  داهاتی ریكلام و زبڵوخاشاك كە بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر دەگەڕێندرایەوە كەمكراوەتەوە
ئەندازیار عەبدولواحید ئەحمەد سەرۆكی شارەوانی هەولێر بۆ گوڵان:
رێژەی داهاتەی ریكلام و زبڵوخاشاك كە بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر دەگەڕێندرایەوە لە 17% بۆ 15% كەمكرایتەوە و داهاتی زەوی نایاب و روكنیش 100% بڕاوە
لە دیمانەیەكی گۆڤاری گوڵاندا، سەرۆكی شارەوانی هەولێر دەڵێ:
داهاتەكانی شارەوانی، چەندین جۆرە كە دابەشی سەر سێ بەشكراون لەوانە، یەكەم: داهاتی بەكرێدانی گراج و دوكان و كارگەكانن كە مولكی شارەوانین كە لەو داهاتەدا 15%ی بۆ ئێمە دەگەڕێندرێتەوە. دووەم: داهاتی كرێی ریكلام و زبڵوخاشاكە كە لەساڵانی رابردوو لەو داهاتەوە 17%ی بۆ ئێمە دەگەڕێندرایەوە، بەڵام ئەو ساڵ ئەو رێژەیە لەلایەن وەزارەتی دارایی كەمكرایەوە بۆ 15%، گەرچی بەپێی بەرفرەوانی شاری هەولێر پێویستبوو ئەو رێژەیە زیاد بكرابووایە نەك كەم بكرێتەوە، بێگومان كەمكردنەوەی ئەو رێژەی داهاتە بۆ ئێمە وایكردووە كە تواناو ئێمكانیاتمان بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەو كارە خزمەتگوزارییەكانی شاری هەولێر كەم ببێتەوە هەر بۆیە ئێمە لەگەڵ جەنابی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارو پارێزگاری هەولێر قسەمانكردوە كە موداخەلەیەكی جددی بكەن بۆ ئەوەی رێژەی پارەی تەرخانكراو لە داهاتەكانمان بۆ زیاد بكەن نەك بەوشێوەی ئێستا كەم بكرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین زیاترین و باشترین كارو پرۆژەی خزمەتگوزاری لە پایتەخت ئەنجام بدەین و بە رێژەی داهاتی بەشی یەكەم و دووەم لەناو شاری هەولێر پرۆژەو كارە خزمەتگوزارییە مامناوەندو بچوكەكانمان ئەنجام داوە، هاوكات ئەندازیار عەبدوالواحید سەرۆكی شارەوانی هەولێر دەڵێ: لەداهاتی فرۆشتنی زەوی نایاب و روكنەكان كە داهاتەكە 100%بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی بوو كە لەكارو بەرنامەو پرۆژە خزمەتگوزارییە گەورەكانی شاری هەولێر خەرجمان دەكرد، بەبڕیارێكی وەزارەتی دارایی لەسەرەتای ئەمساڵ ئەو داهاتەش 100% بڕاوە، ئەم بڕیارەش جگە لەوەی جێگای نیگەرانی ئێمەیە و كاریگەری خراپی لەسەر ئەنجامدانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ شاری هەولێر دروستكردوە، چونكە ئەنجامدانی كارو پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی شاری هەولێر زیاتر پەیوەستە بەو داهاتەوە.
Top