وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار: ئەمساڵ نزیكەی 35 پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ دەكرێن

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار: ئەمساڵ نزیكەی 35 پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ دەكرێن
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ: ئەمساڵ نزیكەی 35 پڕۆژەی گەورەو ستراتیژی لە شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێن. كارو بەرایی ئەو پرۆژانەش دەدرێتە ئاویخواردنەوە. ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕیاری لەسەر دابینكردنی بوودجەی پێویستی بنیادنان و جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی داوە. بەڕێز ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە پرۆژەكان رایگەیاند: وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كۆمەڵێك پرۆژەی لەبەردەستە كە بەشێك لەو پرۆژانە پرۆژەی بەردەوامن. هەروەها وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەبارەت بە پلانی حكومەت بۆ جێبەجێكردن و تەواوكردنی پرۆژەكان دەڵێ: لە پلانی ساڵی 2020دا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پلاندانان بڕیاری دابینكردنی بودجەی پێویستیان بۆ نزیكەی 35 پرۆژە داوە و بەرایی ئەو پرۆژانەش دەدرێتە ئاویخواردانەوە، پرۆژەكانی دیكەی ژێرخانیش وەك تۆڕێكی شەقام لەناو شارو شارۆچكەكان و هەندێك خزمەتگوزاری دیكەش وەك پێداویستی هاوڵاتییان جێبەجێ دەكرێن. سەبارەت بە جۆرو شوێنی جێبەجێكردنی پرۆژەكانیش، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، روونیكردەوە: " ئەوەی كە رێزبەندی بەرایی لە پرۆژەكان وەرگرتووە، تەواوكردنی پرۆژە گەورەكان و پرۆژە ستراتیژییەكانی ئاویخواردنەوەن كە هەموو شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە".

Top