"لەسەدا ٧٠ سەردانکردنی پاركی شار كەم بووەتەوە"
شوكر عەلی خان، بەرپرسی پاركی شاری نزیك قەڵای ھەولێر ڕایگەیاند: "دانیشتووانی شاری ھەولێر بە شێوەیەكی باش ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكان جێبەجێ دەكەن و ئێستا سەردانكردنیان بۆ پاركی شار و نزیك قەلای ھەولێر لەسەدا ٧٠ كەمی كردووە".
بەرپرسی پاكی شار دەڵێت: "ئەمڕۆ بەیانی بە مەبەستی كەمكردنەوەی قەرەباڵغیی ناو پاركەكە، دەستمان كرد بە لابردنی شوێنی دانیشتن لە پاركەكە، بە خۆشحاڵییەوە ھاووڵاتیان ھاوكارن و بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو ئەمڕۆ ڕێژەیەكی زۆر كەمتری خەڵك لەوێ بوو".
دەشڵێت: "گەنجان زیاتر پابەندی ڕێنماییەكان بوون بەھۆی ئاگاداربوونیان لە سۆشیالمیدیا، بەڵام بەشێك لە بەساڵاچووان ئەمڕۆ وەك ڕۆژانی ڕابردوو سەردانی پاركەكەیان كرد، ئێمە لە نزیكەوە گفتوگۆمان لەگەڵ كردن و گەیشتنە ئەو بڕوایەی ڕۆژانی داھاتوو لە ماڵەوە بمێننەوە، بۆ ئەوەی دوور بن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا".
