ئەو دەرچووانەی تاقیکردنەوەی ماستەر و دکتۆرا کە کورسیی خوێندنیان پێنەدراوە دوو چارەسەر دەخەنە ڕوو
بە گوێرەی یاداشتێکی ئەو دەرچووانە کە ئاراستەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵا کراوە، ئاماژە بەوە دراوە کە ئەوان لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستیدا دەرچوون، بەڵام ”بە هۆکاری کەمی و نەبوونی کورسیی پێویست بۆ ئێمەی دەرچوو، وەرنەگیراوین و خەریکە خەونی چەندین ساڵەمان لەبار دەبرێت و ئەو دەرفەتەمان بۆ ناڕەخسێندرێت“.
ئەوەشیان ئاشکرا کردووە کە لە ئەنجامی وەرنەگیرانیان، تووشی نائومێدی و شڵەژانی دەروونی بوون، بۆیە داوایان کردووە، کاری جددی لەسەر کێشەکەیان بکەن و هەوڵ بدەن کورسیی خوێندن بۆ سەرجەم ئەوانە بڕەخسێندرێت کە لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستیدا دەرچوون.
هەر لە یاداشتەکەدا ئەم دوو پێشنیارە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە خراوەتە ڕوو:
١- زیادکردنی کورسی بۆ دەرچووانی وەرنەگیراو.
٢- لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی خاڵی یەکەم، داواکارین بە پارالێل وەربگیرێین.
باسنيوز
