وەزیری تەندروستی: لە 24 کاژێری رابردوودا دوو کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماری تووشبووان و چارەسەرکراوانی کۆرۆنای لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا بڵاوکردەوە و رایگەیاند "لە کۆی سێ هەزار و 64 کەس لە 29 شوێنی کەرەنتینەکراو، تەنیا 953 هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان لە کەرەنتیەنەکاندا ماون. هەروەها دوو هەزار و 111 هاووڵاتی بە تەندروستییەکی باشەوە لە کەرەنتینەکان دەرچوون و گەڕاونەتەوە ماڵەوە".
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت "لە 24 کاژێری رابردوودا 154 تێستی تاقیگەیی کراوە بۆ ئەو کەسانەی لە کەرەنتینەکاندا بوون، تەنیا دوو حاڵەتی پۆزەتیف هەبووە، یەکێکیان قوتابییەکی 19 ساڵە کە لە هەمان خانەوادەی تووشبووەکەی دیکەیە کە لە سلێمانی گیانی لەدەستدا. تووشبووەکەی دیکە پیاوێکی تەمەن 64 ساڵە لە شارۆچکەی ئاشتی لە قەزای کۆیە و ئەویش لە هەمان ئەو بەڕێزەی دوێنێیە کە لە شاری هەولێر تووشبوو".
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 16 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و یەکێکیشیان چاکبووەتەوە. وەزیری تەندروستیش دەڵشێت: "14 کەسەکەی دیکە تەندروستییان زۆر باشە".
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان
1. ژمارەی هاووڵاتیان کە لە کەرەنتینەکان بوون 3064 هاووڵاتین لە 29 شوێنی جیاواز کە ئێستا تەنها 953 هاووڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە و 2111 هاووڵاتی دەرچوون و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواوبوونی ماوەی دوو هەفتە.
2. لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوو پشکنین بۆ 154 گۆمانلێکراو ئەنجامدرا لە نێویاندا 2 نەخۆش دەرەنجامی پشکنینی تاقیگەیی پۆزەتیڤ دەرچوو و هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 یە، کە یەکێکیان ئافرەتێکی تەمەن 19 ساڵە قوتابی زانکۆیە دانیشتووی شاری سلێمانییە و کچی یەكێك لە نەخۆشەکانی پێشووە ئەوەی دیکەیان پیاوێکی تەمەن 64 ساڵە و دانیشتووی ناحیەی ئاشتی یە سەر بە قەزای کۆیە کە بەرکەوتووی نەخۆشەکەی دوێنێ یە.
3. کۆی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان تەنها 16 حاڵەتە، لەنێویاندا 1 مردن هەیە و 1 نەخۆش بەتەواوی چاکبووەتەوە، هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان و باری تەندروستیان جێگیرە.
جەخت دەکەینەوە کە هاووڵاتیان پابەندی رێنماییەکانی تەندروستی بن بەتایبەتی نەڕۆیشتن بۆ شوێنی قەڵەباڵخ و بەرنەکەوتن لەگەڵ کەسانی دیکە و بەردەوام دەست شووشتنی تەندروست هەروەها پەیوەندیکردن بە هێڵی گەرمی ژمارە 122 لەکاتی پێویستدا.
وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
10ی ئازاری2020
