وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا چەند بڕیارێكیان دەركرد
بەپێی راگەیاندراوێك كە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بڵاو كراوەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە ١٠-٣-٢٠٢٠ هەریەك لە وەزارەتەكانی خوێندنی باڵاو پەروەردە كۆبوونەتەوەو چەند بڕیارێكیان دەركردووە.
لە ناوەڕۆكی راگەیاندراوەكەدا باس لەوە كراوە كە كۆبوونەوە هاوبەشەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو وەزارەتی پەروەردە ئەم چەند بڕیاری خوارەوە درا:
١- بەمەبەستی ئەنجامدانی بەرزكردنەوەی ئاستی كوالیتی خوێندن لە ناوەندەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، هەردوو وەزارەت رێككەوتن لەسەر ئەوەی كە بۆ خولی داهاتوو راگەیاندنی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی كوردستان، مامۆستایان و میلاكی وەزارەتی پەروەردە كورسی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا تایبەت بەخۆیان بۆ دیاری بكرێت بەشێوازی گشتی و پارالێل و نەچنە كێبڕكێی گشتییەوە، ئەمەش لەسەر بنەمای پێداویستی وەزارەتی پەروەردە و توانای وەرگرتنی زانكۆكان دەبێت.
٢- بڕیاردرا بەگوێرەی توانا بۆ تاقیكردنەوەی گشتی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی سوود لە هۆڵەكانی زانكۆ حكومی و تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان وەربگیرێت.
٣- بڕیاردرا كە كۆنفرانسێكی هاوبەش لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجام بدرێت سەبارەت بە چەند پرسێك.
٤- وەزارەتی پەروەردە لیستی ئەو مامۆستایانە ئامادە دەكات بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١ دەیانەوێت درێژە بە خوێندنی بەكالۆریۆس بدەن لە كۆلێژە بنەڕەتییەكان و دەبێت لە رێگای وەزارەت بێت. پاشان بەگوێرەی ڕێنمایی ئەم بابەتە ڕێكدەخرێت.
٥- بڕیاردرا كە بەشێوازێكی دەوری لەسەر ئەو پرسانەی كە هاوبەشن لە نێوان هەردوو وەزارەت كۆبوونەوەكان بەردەوامیان هەبێت.
باسنيوز
