ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد

ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دەرهاویشتەکانی پەتای کۆرۆنا و دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستانی کرد و چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 2020/3/10، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی حکوومەت، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دەرهاویشتە و لێکەوتە ئابوورییەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستانی کرد.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی کرد کە بە شێوەیەکی پیشەییانە رێوشوێنی تەندروستیی پێویستیان گرتووەتە بەر و داواشی لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرد کە پابەند بن بە رێوشوێن و رێنماییە تەندروستییەکان.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەشکرد، تەشەنەکردنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان، تەنیا کێشەیەکی تەندروستی نییە، بەڵکو ”بەداخەوە دەرهاویشتەی نەرێنیشی لە سەر ئابووریی جیهان لێکەوتووەتەوە کە عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. بەتایبەتی بە هۆی دابەزینی خێرا و زۆری نرخەکانی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا“.

سەرۆکی حکوومەت روونیکردەوە کە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی حکوومەت ئەوەیە و لە سەریشی بەردەوام دەبن کە ئابووریی هەرێمی کوردستان هەمەچەشن بکرێت و نابێت تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی داهات ببەسترێت. بۆ ئەم مەبەستەش ”دەستمان بە کۆمەڵێک رێکاری پێویست کردووە، بەڵام بێگومان جێبەجێکردنی ئەجێنداکە، پەیوەستە بە جێگیریی و سەقامگیریی دۆخی سیاسی و ئابووریی و ئاسایشی عێراق و ناوچەکە کە کاریگەرییەکی راستەوخۆی لە سەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت“.

سەرۆکی حکوومەت داواشی لە لایەنە بەشدارەکانی حکوومەت و تەواوی لایەنە سیاسییەکان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد، بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لەگەڵ ئەم دۆخە هەستیارە و ئەو قەیرانەی هاتووەتە پێشەوە مامەڵە بکەن، بۆ ئەوەی بتوانرێت بە کەمترین زیان ئەو بارودۆخە سەختە تێپەڕێندرێت.

سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوەش کردەوە کە بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و ئاماژەشی بەوە دا، پێویستە لە گرتنەبەری رێکارە تەندروستیی و ئەو ئامادەکارییانەی بۆ دۆخی سەختی ئابووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتیان لەبەرچاو بگیرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا ، بڕیاردرا کە رێکار و رێوشوێنی پێویست بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکانی وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەت بەپێی رێنماییەکان و لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی و کارنامەی کابینەی نۆیەم بگیرێتە بەر. هەروەها لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیش لە بەغدا هەماهەنگی بکرێت و دانوستانەکان چڕبکرێنەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە داراییە سەختەی رووبەڕووی عێراق و هەرێمی کوردستان بووەتەوە.



پوختەی بڕیارەکان:

• بڕیاردرا رێوشوێنی پێویست بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکانی دامودەزگاکانی حکومەت بە پێی رێنماییەکان و لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی و کارنامەی کابینەی نۆیەم بگیرێتەبەر.

• لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا هەماهەنگی بکرێت و دانوستانەکان چڕبکرێنەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە داراییە سەختەی رووبەڕووی عێراق و هەرێمی کوردستان بووەتەوە.











باسنيوز


Top