لە خانەقین سێ گەنجی كورد دەستگیر كران
ئەمیر عەلی، چالاكوانی مەدەنی لە خانەقین، ڕايگەیاند "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 10/3/2020 هێزە ئەمنییەكان هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینیان لە گوندەكانی سنووری خانەقین دەست پێ كردووە و لە گوندی (شیرك)ی سەر بە قەزای خانەقین، 3 گەنجی كوردیان دەستگیر كردووە".
گوتیشی: "هەڵمەتەكە پاش هێرشەكەی شەوی ڕابردووی چەكدارانی داعش بۆ سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی لە گوندی (عەلی سەعدوون) هاتووە كە بە هۆیەوە ژمارەیەك چەكدار كوژران و بریندار بوون".
ڕوونیشی كردەوە: "دەستگیركراوەكان بریتین لە (سەلام كاكی) كە پیشەی پێشمەرگەیە لەگەڵ (ئەحمەد كامەران) كە پیشەی كاسبە و (عەبدوڵا عەلی) كە پیشەی شوانە".
پێشتر تەلعەت ڕەفعەت، بەرپرسی ئاسایشی نەخۆشخانەی گشتی خانەقین، ڕايگەیاند "شەوی ڕابردوو لە گوندی (عەلی سەعدوون) ی سەر بە قەزای خانەقین، چەكدارانی ڕێكخراوی داعش هێرشیان كردووەتە سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی و بەوهۆیەوە 2 چەكدار كوژراون و 3 چەكداری دیكەش بریندار بوون".
باسنيوز
