حاڵه‌تێكی دیكه‌ی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ شاری هه‌ولێر تۆماركرا

حاڵه‌تێكی دیكه‌ی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ شاری هه‌ولێر تۆماركرا
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا تۆماركردنی حاڵه‌تێكی دیكه‌ی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای له‌ شاری هه‌ولێر راگه‌یاند.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیدا هاتووه‌، سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوی COVID-19 لە هەرێمی کوردستان، تیمەکانی تەندروستی بۆ گەڕان و پشکنینی گومانلێکراوانی هەڵگری ئەم ڤایرۆسە ڕۆژانە بەردەوامن بەمەش:

1. ژمارەی هاوڵاتیان کە لە کەرەنتینەکان بوون (3015) هاوڵاتین لە (29) شوێنی جیاواز، کە لە ئێستادا تەنها (1014) هاوڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە و (2001) هاوڵاتی دەرچوون و گەڕاونەته‌وە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواوبوونی ماوەی دوو هەفتە.
2. لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوو پشکنین بۆ (49) گۆمانلێکراو ئەنجامدرا، لە نێویاندا (1) نەخۆش دەرەنجامی پشکنینی تاقیگەیی پۆزەتیڤ دەرچوو و هەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 یە، کە پیاوێکی تەمەن (25) ساڵە و قوتابیە و لە ووڵاتی ئێران گەڕاوەتەوە و پێشتر لە شاری سلێمانی کەرەنتین کرابوو. لە کاتی ئێستادا ژمارەیەك گومانلێکراوی دیكه‌ لە ژێر پشکنین دان، لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا دەرەنجامەکان دەردەچێت.
3. لە ئێستادا هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان تەنها (14) حالەتە، لەنێویاندا (1) مردن هەیە و (1) نەخۆش بەتەواوی چاکبووەتەوە و هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان و باری تەندروستیان جێگیرە.

له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا دووپات كراوه‌ته‌وه‌، "جەخت دەکەینەوە کە هاوڵاتیان پابەندی ڕێنماییەکانی تەندروستی بن بەتایبەتی نەڕۆیشتن بۆ شوێنی قەرەبالغ و بەرنەکەوتن لەگەڵ کەسانی دیکە و بەردەوام دەست شوشتنی تەندروست، هەروەها پەیوەندیکردن بە هێڵی گەرمی ژمارە (122) لەکاتی پێویستدا".



K24
Top