ئەو منداڵەی هاواری سووتانەکەی هەمووانی هەژاند، برینەکانی چاک بوونەتەوە
محەممەد حەمیید کە خەڵکی کۆبانێیە و لە هێرشێکدا جەستەی سووتا راگەیاند، "من دەمەوێت بگەڕێمەوە کۆبانێ بۆ لای هاورێکانم و یاری بکەین. زۆر بییریان دەکەم، هەروەها دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ خوێندنگە و لە خوێندن بەردەوام بم. رەوشم باشە و بەرەو باشتر دەچێت، سوپاس بۆ خوا. هیوام وایە باشتر بێت تاوەکو بتوانم بچمە دەرەوە".
هاواری محەممەد لە تاو ئازارەکانی دەنگدانەوەیەکی جیهانیی فراوانی لێکەوتەوە؛ سەرۆک بارزانی بەدەم هاوارەکەیەوە هات و بۆ چارەسەرکردن ناردیە فەرەنسا. ئێستاش لە باشووری کوردستان چاوەڕێی تەواوبوونی رێکارەکانی گەڕانەوەیەتی بۆ رۆژئاوای کوردستان.
باوکی محەممەد حەمیید محمەد گوت، "زۆر سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەم. ئێمە لە تلتەمر بووین، تەلەفۆنیان بۆ کردین و گوتیان کورەکەت بگەیێنە دەستی ئێمە و چارەسەری دەکەین. منیش محەممەدم گەیاندە کوردستان و پاشان محەممەدمان لە پایتەختی فەرەنسا چارەسەر کرد".
مەحەمەدی 13 ساڵان 11-10-2019 لە سەرێ کانی بەهۆی بۆردومانەکانی سەر رۆژئاوای کوردستانەوە جەستەی سووتا. لە فەرەنسا هەشت نەشتەرگەریی جوانکاری و پێستی بۆ کراوە و ئێستاش لە باشووری کوردستان چارەسەری پزیشکیی بۆ دەکرێت و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
