بۆردوومانی تورکیا خانووی هاونیشتمانییەک لە باڵەکایەتی دەڕووخێنێت

بۆردوومانی تورکیا خانووی هاونیشتمانییەک لە باڵەکایەتی دەڕووخێنێت
ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکەکانی تورکیا چەند بەرزاییەکی دۆڵی باڵەیانیان لە سنووری شارۆچکەی قەسرێ بۆردوومانکرد و بەهۆیەوە خانووی هاونیشتمانییەک لە گوندی ماونان رووخاوە.

شاخەوان وەرتی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ رایگەیاند: بۆردوومانەکە لەلایە فڕۆکەکانی تورکیاوە ئەنجامدراوە. کاژێر 05:30 خولەک بووە و سەنتەری گوندی ماونانی گرتووەتەوە، بەھۆیەوە خانووی ھاونیشتمانییەک بە ناوی ئازاد مەلا نەبی رووخاوە.

بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ ئاماژە بەوەشدەکات، خەڵکی لە ترس و دڵەڕاوکێدان بەو پێیەی ناوەڕاستی گوندەکە کراوەتە ئامانج.

بە گوتەی شاخەوان وەرتی، بۆردوومانەکە ھەریەک لە بەرزاییەکانی کەرگوێ و قۆپی سێکانیانیشی گرتووەتەوە.

دۆڵی باڵەیان 14 گوندی تێدا ئاوەدانە، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ دەشڵێت، دوای مانگێکی دیکە دەبێتە جێگەی ئاژەڵداران، جووتیار و مێشەوانەکان، بۆیە بۆردوومانکردنی زیانی گیانی و ئابووری دەبێت.
Top