حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشووی فەرمی لەسەرجەم دامودەزگەکان راگەیاند

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشووی فەرمی لەسەرجەم دامودەزگەکان راگەیاند
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ رێگریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕیاریدا ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران له‌ سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت رابگیرێت.

ئەمرۆ دووشەممە ٩ی ئاداری ٢٠٢٠، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لە هەولێر بە ڕاسپاردەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا-ی لە ھەرێمی كوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە دوا رێکار و ئامادەکارییەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و رێنماییە تەندروستییەکان کرا.

جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە سەرەتای کۆبوونەوەکە ستایشی وەزیرانیی ناوخۆ، تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دیکەی کرد لەدانانی پلان و هەنگاوەکانی پاراستنی ژیان و سەلامەتی هاوڵاتییان و رایسپاردن بەردەوام بن و ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە هەماهەنگی لەنێوان گشت وەزارەت و دامودەزگاکاندا هەبێت بۆ ئەوەی بتوانرێت باشتر کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکرێت.

دواتر هەردوو وەزیری ناوخۆ و تەندروستی راپۆرتی خۆیان سەبارەت بە هەنگاوەکانیان بۆ رووبەروو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پلانی داهاتوویان خستەڕوو.

کۆبوونەوە جەختی لە گرنگیی بەردەوام بوون لەسەر جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی پێشوو کردەوە کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان دەرکرابوون وەک کەمکردنەوەی قەڕەبالغی و سنوردار کردنی هاتووچۆی نێوان شارەکان و راگرتنی پاکوخاوێنی و پەیوەندیکردن بە بنکەکانی دیاریکراو لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێک کە گومانی هەڵگرتنی ڤایرۆسی کۆرۆنای لێدەکرێت. ئەم رینمایی و راسپاردە و بڕیارانە تەنها بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتییانە لە تووشبوون بەم ڤایرۆسە.

پاش گفتوگۆ کردن لەبارەی دوا رێکارەکان و هەنگاوەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و خستنەڕووی پێشنیارەکان، بۆ رووبەروو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاریدا:

١. لە سەرجەم وەزارەت وفەرمانگە و دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان (جگە لە ھێزەکانی پێشمەرگە، ئاسایش و ئاسایشی ناوخۆ و دامەزراوەکانی تەندروستی) لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٠/٣/١٢ تا رۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٠/٣/٢٦ دەبێتە پشووی فەرمی و (رۆژانی ٢٨- ٢٠٢٠/٣/٢٧ پشووی کۆتایی ھەفتانەیە) و رۆژی یەکشەممە ٢٠٢٠/٣/٢٩ دەوامی فەرمی دەستپێدەکاتەوە.

٢. لە ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە (حکومی و ئەھلی) رۆژی شەممە ٢٠٢٠/٣/٢٨ پرۆسەی خوێندن دەستپێدەکاتەوە. پرۆسەی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی لە ڕۆژی ٢٠٢٠/٤/١ دەستپێدەکاتەوە.

۳. وەزارەتی تەندروستی بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییە فریاگوزارییەکان بە ھاوڵاتیان لە رێگای پیادەکردنی ئێشکگریی.

٤. وەزارەتە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتی لە ڕیگای ئێشکگریی و بۆ ئەو مەبەستەش رێنمایی پێویست دەردەکەن.

٥- دوا وادە بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ ناو هەرێم رۆژی ٢٠٢٠/٣/١٥ دەبێت و لە ٢٠٢٠/٣/١٦ تا رۆژی ٢٠٢٠/٤/١ رێگە نادرێت بە هاتنەوەی هاوڵاتییان لە ئێرانەوە. بەڕەچاوکردنی بەردەوامبوونی جموجۆڵی بازرگانی بەپێی رێنماییە بەرکارەکان.

٦- تەرخانکردنی قۆناغی دووەمی بوودجە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی تەندروستی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

٧- وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو راسپێردرا بۆ بەردەوامبوون لەسەر رێکارەکانیان لە چوارچێوەی سیاسەتی رووبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

٨- راسپاردنی وەزیری داد بۆ چالاککردنی داواکاری گشتی بەمەبەستی وەرگرتنی رێکاری یاسایی بەرامبەر بەو کەس و لایەن و کەناڵە میدیاییانەی کە پێچەوانەی رێنماییەکان و سیاسەتی حکومەت کاردەکەن و دەبنە هۆی پشێوی.

٩- پێدانی دەسەڵات بە پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری یەکە ئیدارییە سەربەخۆکان و لیژنەکانی قایمقامییەت بۆ رێکخستنەوە و چاودێری کردنی بازاڕی ناوخۆیی.











باسنيوز

Top