وەزارەتی تەندروستی: ژنە دووگیانەکەی هەولێر لە خوشکەکەیەوە تووشی کۆرۆنا بووە
ئەمڕۆ یەکشەممە 08-03-2020، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تووشبوونی سێ کەسی دیکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند کە دووانیان لە سلێمانییە و یەکێکی دیکەش لە هەولێرە، بەمەش ژمارەی تووشبووان بۆ 13 کەس بەرزبووەوە کە یەکێک لەوانە مامۆستایەکی ئایینی بوو و لە سلێمانی گیانی لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو کەسانەی ئەمڕۆ ئەنجامەکەیان دەرچووە و تووشی کۆرۆنا بوون دەڵێت "لەماوەی 24 کاژێری رابردوو پشکنین بۆ 56 گۆمانلێکراو ئەنجامدرا: لە هەولێر 37، سلێمانی 18 و دهۆك 1 کەس کە لە نێویاندا سێ نەخۆش دەرەنجامی پشکنینی تاقیگەیی پۆزەتیڤ دەرچوو و هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 یە. یەکێک لەوانەی تووشبووە ئافرەتێكی تەمەن 52 ساڵە و خوشکی تووشبووەکەی دوێنێی شاری هەولێرە کە لە وڵاتی ئێران گەڕاوەتەوە لە کەرەنتین دانرابوو".
دوو تووشبووەکەی دیکە لە سلێمانی تۆمارکراون و پیاون "یەکێکیان تەمەن 53 ساڵە و لە ئێران گەڕاوەتەوە و کەرەنتین کرابوو ئەوەی دیکەیان 52 ساڵ بەرکەوتووی تووشبووەکەی شاری سلێمانی بوو کە گیانی لەدەستداوە".
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی کە لە کەرەنتینەکان بوون دوو هەزار و 918 هاووڵاتین لە 31 شوێنی جیاواز.
ئێستا تەنها هەزار و 128 هاووڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە و هەزار و 790 هاووڵاتی دەرچوون و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواوبوونی ماوەی 14 رۆژ.
ئێستا ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان 13 کەسە کە 10 کەسیان لە سلێمانییە، یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش چاکبووەتەوە. هەروەها لە هەولێر تاوەکو ئێستا 3 کەس تووشی کۆرۆنا بوون.
