وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان: ئاراستەیەک هەیە کە پشوویەک لە فەرمانگە حکومییەکان رابگەیێندرێت
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ وەزیری تەندروستی رایگەیاند "دەربارەی دەوامی فەرمیی فەرمانگەکان و بەهۆی بۆنەکانی ئادار و نەورۆزەوە پێشنیازێک لەبەردەستە و لە کۆبوونەوەی بەیانی 9-3-2020دا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت".
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی "ئاراستەیەک هەیە کە پشوویەک رابگەیێندرێت، بەڵام تاوەکو کۆبوونەوەکە نەکرێت و بڕیاری لەبارەوە نەدرێت، ئەوەی هەیە هەمووی گفتوگۆیە و بە فەرمی بڕیاری لەبارەوە نەدراوە".
دەربارەی رێوشوێنەکانی پەیوەست بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێبەر ئەحمەد دەڵێ "لەو کۆبوونەوە باڵایەدا وەزیرە پەیوەندیدارەکان ئامادە دەبن و لەوێ تاوتوێی رێنمایی و بڕیاری نوێ دەکرێت".
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بە دڵنیاییەوە پێویست دەکات پێداچوونەوە بەو رێنمایی و بڕیارانەدا بکەن کە دراون و گوتی "تاوەکو ئیستا هەموو پارێزگا و ئیدارەکان رێنماییەکانیان بە تەواوی جێبەجێ کردووە".
لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 10 تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، هەشتیان لە سلێمانی و دووانیان لە هەولێرن، لەو 10 کەسە، یەک کەس گیانی لەدەستداوە کە لە سلێمانی بووە.
