لە سنووری كەركووك دەست بەسەر دوو مۆڵگەی داعشدا گیرا
بەپێی ڕاگەیاندراوێكی پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق تێیدا، هێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵی لە سنووری ناحیەی رەشادی سەر بە پارێزگای كەركووك دەستیان بەسەر دوو مۆڵگەی تیرۆریستانی داعشدا گرتووە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، هاوكات لە سنووری ناوچەی "تەرفاو"ی سەر بە ناحیەی رەشاد دەست گیراوە بەسەر چوار بۆمبی چێندراو و چوار ڕاستەی تەقینەوە و پاشان مۆڵگەكان تێك دران، هەروەها بۆمبەكانیش لەلایەن ئەندازەی سەربازییەوە پووچەڵ كرانەوە.
هاوكات لەبارەی زۆری جموجۆڵی داعش و كردەوە تیرۆریستییەكانیانەوە، ئیدریس عادل، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتیی، ڕايگەیاند: "پێشتر تیرۆریستانی داعش مووسڵ و روومادی و تكریتیان داگیر كردبوو، كەچی وەك ئێستا نەیاندەتوانی كردەوەی تیرۆریستی لە سنووری پارێزگای كەركووك بكەن".
ئەو بەرپرسەی یەكێتیی، گوتیشی، زۆری جموجۆڵ ئەوان ئێستا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو هێزانەی لە ناوچەكەن بێ زانیاریی هەواڵگیرین، بۆیە تاكوو هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە نەكرێت، رۆژ بە رۆژ ئەو كردەوە تیرۆیستیانە زیاتر دەبێت.
باسنيوز
