زانیاری نوێ لەبارەی تووشبووەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەولێر

زانیاری نوێ لەبارەی تووشبووەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەولێر
یەکەم و تەنیا تووشبووی کۆرۆنا لەهەولێر کە رۆژی هەینی راگەیێندرا، لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێت چۆن و لەکوێوە تووشی ئەو ڤایرۆسە بووە.

دکتۆر دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەولێر لەبارەی تووشبووەکەی هەولێرەوە دەڵێت: "ئێستا ناتوانین بە راشکاوی بڵێین دۆخی تەندروستی چۆنە، بەڵام تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی شەممە 7-3-2020 باری تەندروستی جێگیربوو، کەمێک تەنگەنەفەسی و کۆکەی هەیە، پلەی گەرمیی کە پێشتر بەرزبوو ئێستا دابەزیوە. لە ژێڕ چاودێری تەندروستیدایە و تیمی تایبەتی بۆ دانراوە لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی".

چۆن تووشی ڤایرۆسەکە بووە؟

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەولێر سەبارەت بە چۆنیەتی تووشبوونی ئەو هاونیشتمانییە بە کۆرۆنا لە هەولێر گوتی: "ئەوەی کە تیمە پزیشکییەکانی ئێمە لەبارەی ئەو تووشبووەوە وەریانگرتووە کە چۆن بووە و چۆن هاتووە ئەوەیە کە پێش چوار رۆژ کۆکەی هەبووە و تای بەرز بووە و بەوهۆیەوە سەردانی نەخۆشخانەی تایبەتی کردووە لەو کاتەوە تاوەکو گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ناوەند کەوا سەنتەری چارەسەری کۆرۆنایە سەردانی سێ نەخۆشخانەی تایبەتی کردووە لەکۆتا سەردانی بۆ نەخۆشخانەیەک پزیشکەکە گومانی کۆرۆنای لێ کردووە و ناردوویەتیە سەنتەری چارەسەری کۆرۆنا و لەوێ سامپڵی خوێنی لێ وەرگیرابوو کە گەیێندرایە تاقیگە و لەدوای پشکنینەکان دەرکەوت کە پۆزەتیڤ بووە و تووشی کۆرۆنا بووە".

دکتۆر دلۆڤان محەممەد ئاماژەی بەوەکرد: "تاوەکو ئێستا تیمەکانمان لە لێکۆڵینەوەن بۆ ئەوەی بزانن سەرچاوەی ڤایرۆسەکە کوێیە و لەکوێی وەرگرتووە چونکە بۆ ئەوەی تووشی ئەو نەخۆشییە بی دەبێ لە کەسێکەوە وەرتگرتبێ کە پەیوەندیت لەگەڵی هەبووە، ئەویش لەرێگەی ئەو کەسانەی لە وڵاتانی وەک چین و ئێران و ئیتاڵیا کە کۆرۆنا تێیاندا بڵاوبووەتەوە وەریگرتبێت. بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو پەیوەندییانەمان بۆ یەکلایی نەبووەتەوە".

ئەوەی کە لە سۆشیاڵمیدیا باسدەکرێت خانووی بۆ خاوێن کراوەتەوە لەلایەن کەسانێکی ئێرانییەوە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر رەتیدەکاتەوە و دەڵێت: "دوورن لە راستییەوە. ئەوەی خۆی باسی دەکات کە قسەی لەگەڵ کراوە، هەموو ئەوانە رەتدەکاتەوە. ئێمە لەرێگەی تیمەکانمانەوە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی سەرچاوەکەی بدۆزینەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانین هۆکارەکەی چییە و نەدۆزراوەتەوە".

دکتۆر دلۆڤان محەممەد رەخنەی تووندی لەو کەسانە گرت کە زانیاری هەڵە بڵاودەکەنەوە و گوتی: "ئێمە رایدەگەیێنین نابێ کەس لەخۆیەوە چ پزیشک بێت یان هاونیشتمانی روونکردنەوە یان زانیاری هەڵە لەبارەی ئەم تووشبووانەوە بدات، هەرکەس شتێکی هەیە با پەیوەندی بە ئێمەوە بکات نەک هەر لەخۆیەوە زانیاری ناڕاست بڵاوبکاتەوە. ئەوانەش کە باری دەروونی خەڵک تێکدەدەن یان گێرەشێوێنی دەکەن رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگرینەبەر".

دەقی رێنماییەکە بۆ گشت پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لەدام و دەزگاکانی تەندروستی

لەبەر بەرژوەندی گشتی و پاراستنی دەروونی هاووڵاتیان و گەیاندنی زانیارییە تەندروستیەکان لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چ لەبارەی هۆشیاریکردنەوە بێت یاخود لەبارەی زانستییەوە بێت نابێت بەهیچ شێوەیەک لێدوان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بدرێت و بڵاوکردنەوەی زانیاری سەبارەت بەم ڤایرۆسە لە ئەکاونتی تایبەت بڵاوبکرێتەوە یا هه‌ر پێشنیارێك بۆ رێگرێکردن لەم ڤایرۆسە لە ئەکاونتی تایبەتیان بڵاوبکەنەوە، لێرەوە به‌پێویستی ده‌زانین هەر پزیشكێك یاخود كارمه‌ندێك دەتوانێ لەڕێگەی یاداشتێکەوە پێشنیارەکان ئاراستەی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکات له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر، بەپێچه‌وانه‌وه‌ ناچارده‌بین رێكاری یاسایی بگرینه‌به‌ر.

ڕاگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر
7 /3/2020

رۆژی هەینی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی ئاماری نوێی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئافرەتێکی تەمەن 33 ساڵان کە، دانیشتووی هەولێرە تووشی کۆرۆنا بووە.

کۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان بەپێی راگەیێندراوەی رۆژی هەینی وەزارەتی تەندروستی 9 تووشبووە کە لەنێویاندا مامۆستایەکی ئایینی رۆژی چوارشەممە 4-3-2020 گیانی لەدەستدا.
Top