لە پشدەر 140 ئاژەڵ کرانە قوربانیی سەدەقەی دووربوون لە ڤایرۆسی کۆرۆنا

لە پشدەر 140 ئاژەڵ کرانە قوربانیی سەدەقەی دووربوون لە ڤایرۆسی کۆرۆنا
دانیشتوانی گوندی (دوو گۆمان)ی سەر بە شارۆچکەی پشدەر، 140 ئاژەڵیان کرده‌ قوربانیی سەدەقەى دووربوون لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، گۆشتەکەیان بەسەر دانیشتوانى گوندەکە دابەش کرد.

نەبی محەمەد شێخە، دانیشتووی گونده‌كه‌یه‌ و ڕايگەیاند: "ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 7/3/2020، دانیشتوانی گوندەکەمان بۆ دووروبوون لە ڤایۆرسی کۆرۆنا، 140 سەر ئاژەڵیان کرد بە قوربانیی سەدەقەی نەمانی ڤایۆرسی کۆرۆنا، بۆ ئەوەی گەلی کورد و سه‌رجه‌م موسڵمانان لەو ڤایرۆسە پارێزراو بن، چونکە خێر و سەدەقە یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی ئایینیی پیرۆزی ئیسلام، بێگومان خوای گەورە لەکاتی ھەموو نەخۆشییەکدا خێر و سەدەقەی موسڵمانان بەھەند وەردەگرێت".

گوتیشی: "گۆشته‌كه‌ هه‌زار و 750 كیلۆگرام بووه‌، تەواوی گۆشتەکەش بەسەر دانیشتوانی گوندەکەمان دابەش کرا".

ئه‌و دانیشتووه‌ى گونده‌كه‌ ئاماژەی بەوەش کرد: "لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵەکاندا ڕەچاوی تەندروستی کراوە، چونکە پێشتر شارەوانیمان ئاگادار کردووەتەوە، پاشەڕۆی ئاژەڵەکانیان لابردووە، بۆ ئەوەی نەبێتە ھۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی".









باسنيوز


Top