بەمەبەستی پاراستنی بەرھەمی ناوخۆ ژمارەیەک ساردخانە زیاد دەکرێن

بەمەبەستی پاراستنی بەرھەمی ناوخۆ ژمارەیەک ساردخانە زیاد دەکرێن
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوە پلانمان ھەیە ژمارەی سارداخانەی پارێزەری سەوزە و میوە زیاد بکەین.

حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕايگەیاند: "ھەرچەندە ژمارەیەک سارداخانەی پاراستنی سەوزە و میوە لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان ھەن، بەڵام لە ئاستی پێویستی ھەڵگرتنەوە و پاراستنی بەرھەمی سەزوە و میوەی ناوخۆدا نین، بۆیە لەڕێگەی پڵانێکەوە دەمانەوێت ژمارەی ئەو سارداخانانە زیاد بکەین".

گوتیشی: "بۆ ئەو مەبەستە لەڕێگەی وەبەرھێنان و کەرتی تایبەتەوە پلان و بەرنامەیەکمان ئامادە کردووە و ئاسانکاری بۆ ھەر وەبەرھێنێک دەکەین کە ساردخانە دابمەزرێنێت کە دوای پەیڕەوکردنی مەرج و ڕێنماییە دیاریکراوەکان، زەویشی بۆ تەرخان دەکەین".

حوسێن حەمە کەریم باسی لەوەش کرد: "پلانەکە بە شێوەیەکە کە لە زۆربەی شار و چارۆچکەکان ئەو ساردخانانە دابمەزرێن کە بەھۆیانەوە بەروبوومی ناوخۆ لەڕووی بڕ و نرخەوە دەپارێزرێن و ھاندانێکیش دەبێت بۆ جووتیار کە لەسەر کاری کشتوکاڵکردن بەردەوام بێت".












باسنيوز


Top