مەسرور بارزانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای کرد
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دوایین رێکار و ئامادەکارییەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیار و رێنماییە تەندروستییەکان کرا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات و لە چوارچێوەی ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی، هەرچی پێویست بوو دەیکات بۆ پاراستنی ژیان و سەلامەتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان. لەمڕووەوە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا:
یەکەم: لە روانگەی ئەوەی پەیام و ئامانجی سەرەکیی هەموو ئایینەکان، پاراستنی روح و جەستەی مرۆڤە، هەروەها بەهۆی تۆمارکردنی چەند کەیسێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی، بۆیە دوای راگرتنی خوێندن لە ناوەندەکانی خوێندن و راگرتنی چالاکیی شوێن و سەنتەرەکانی گردبوونەوەی هاووڵاتیان، لەپێناوی خۆپارێزی، بڕیار درا سەرجەم رێورەسمە ئاینییەکان لە (مزگەوت، كڵێسا و پەرستگاکان) بە گوتاری هەینیی مزگەوتەکانیشەوە، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەتا کاتێکی نادیار رابگیرێت.
دووەم: جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی نەخۆشخانە و کەرەنتین و بنکەکانی دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستان.
سێیەم: رێوشوێنی پێویست و زیاتر بۆ سنووردارکردنی هاتوچۆ لە بنکە و بازگە و دەروازە سنوورییەکان بگیرێتە بەر بەبێ ئەوەی کار لە وەستانی جموجۆڵی بازرگانی بکات.
چوارەم: بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی ئەو زیانانەی کە بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی بەر خاوەنی شوێنە بازرگانییەکان دەکەوێت. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا بە راسپاردنی وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەجێبەجێکردنی رێکاری یاسایی پێویست لە رێگەی چاوخشاندنەوە بە کرێ و باجی داهاتی ئەو شوێنانە و بە ئاراستەی کەمکردنەوەیان بە جۆرێک رەچاوی زیانە داراییەکانیان بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتە پەیوەندارەکان رێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەردەکەن.
پێنجەم: پێویستە لایەنە پەیوەندارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو رێکارە تەندروستییەکان لە کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران بگرنەبەر. بۆ ئەم مەبەستەش هەماهەنگی لە گەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان بکرێت.
باسنيوز
