ئەوقافی كەركووك: نابێ وتاری رۆژانی هەینی 10 خولەك زیاتر بێت

ئەوقافی كەركووك: نابێ وتاری رۆژانی هەینی 10 خولەك زیاتر بێت
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی كەركووك كە سەر بە وەقفی سوننەی حكوومەتی عێراقە ڕای دەگەیەنێت، نابێ وتاری رۆژانی هەینی 10 خولەك زیاتر بێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 4/3/2020، ئەحمەد مودەڕیس، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی كەركووك، ڕايگەیاند: "ئەوقافی كەركووك دەستی بە هەڵمەتێك كردووە بۆ ئەوەی خەڵك خۆیان بپارێزن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، چونكە بەڕاستی ڤایرۆسەكە كوشندەیە و پێویستە خۆمانی لێ بپارێزین و ئێمە مزگەوتێكی زۆرمان لە كەركووك هەیە، لەگەڵ لیژنەی فەتوای كەركووك گفتوگۆمان كردووە و ئەوان وەڵامی ئێمەیان دایەوە كە هەر كەسێك ئەگەر بزانێت نەخۆشە، یان تووشی هەر جۆرە ڤایرۆسێك بووە با بۆ گوتاری رۆژی هەینی نەڕوات و ئاساییە و گوناهبار نابێت و هەر كەسێك نەخۆش بێت و گومانی ئەوەی هەبێت، تووشی ئەو ڤایرۆسە كوشندەیە بووە و بڕواتە نوێژی بە كۆمەڵ گوناهبار دەبێت".

گوتیشی: "بە هەموو گوتاربێژانی مزگەتەكانمان راگەیاندووە لە سنووری كەركووك كە نابێت گوتاری رۆژانی هەینی لە 10 خولەك زیاتر بێت، هەروەها لە كەركووك پرسەش قەدەخە كرا، هاوكات ئێمە 60 سەنتەر و ناوەندی ئایینی و 20 قوتابخانەی ئیسلامیمان لە كەركووك هەیە و كارەكانی سەرجەمیانمان ڕاگرتووە، ئەمەیان بۆ خۆ پارێزییە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو پێنج حاڵەتی توشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری كەركووك تۆمار كرا كە دەگوترێ سەرجەمیان لە ئێران گەڕاونەتەوە.











باسنيوز

Top