بەهۆی کۆرۆنا قوتابخانەیەکی هەولێر بە ئۆنلاین وانە بە قوتابییەکانی دەڵێتەوە

بەهۆی کۆرۆنا قوتابخانەیەکی هەولێر بە ئۆنلاین وانە بە قوتابییەکانی دەڵێتەوە
بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 24ی شوباتەوە دەوامی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان راگیراون، بەڵام بۆ مامۆستا فەیسەڵ و قوتابییەکانی، بڕیارەکە نەبووەتە هۆکاری ئەوەی لە خوێندن و وانەکانیان داببڕێن، ئەم مامۆستایە رۆژانە دوو کاژێر وانەی بیرکاری لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە بە فێرخوازەکانی دەڵێتەوە.

فەیسەڵ عومەر، مامۆستای بیرکاری لە خوێندنگەی ئیشک دەڵێ، ئەو سیستەمە تەکنەلۆژیای ئەوان بەکارێدێنن زۆر پێشکەوتووە، لە ژاپۆن، چین و هۆنگ کۆنگ بەکاردێن، قوتابییەکانمان دەتوانن تاقیکردنەوەی رۆژانە و پرسیار و تاقیکردنەوەکان لەڕێگەی ئەم پلاتفۆڕمەوە بکەن و دەتوانن بابەتەکان کۆپی بکەن".

لە هەرێمی کوردستان جگە لە زانکۆ ئە‌هلییەکان، 12 هەزار خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگە و زیاتر لە ملیۆنێک و 700 هەزار قوتابیی قۆناخی بنەڕەتی هەن. ئەم شێوازە لە وانە گوتنەوە تاوەکو ئێستا تەنیا لە قوتابخانەیەکی تایبەت لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت.

ئەحمەد، خویندکاری پۆلی نۆی بنەڕەتییە لە خوێندنگەی ئیشک لە هەولێر و دەڵێ "لەگەڵ هاتنی ئەم ڤایرۆسە، ئێمە دەستمان کردووە بە خوێندنی ئۆنلاین، هەموو وانەکانی وەکو بیرکاری و فیزیا وەردەگرین، بەڕاستی زۆر بەسوودە و هەموو شتەکان لەڕێگەی ئەم داتابەیسەوە دەکەین، وەکو تاقیکردنەوەی رۆژانە و پرسیارکردن هەموو شتێک".

عەبدوڵڵا، خوێندکارێکی دیکەی پۆلی نۆی بنەڕەتییە و ئاماژە بەوە دەکات، رۆژانە هەشت کاژێر لەڕێگەی لاپتۆپەکەیەوە گوێ لە مامۆستاکانی دەگرێت و وانەکانی دەخوێنێت؛ دەتوانێت راستەوخۆ بەشداریی وانەکان بکات یاخود دواتر لەسەر داتابەیسەکە پێداچوونەوە بکات.

ئەو پشووەی ئەنجوومەنی وەزیران لە چوارچێوەی رێکارەکانی پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوەندەکانی خوێندن رایگەیاندووە، وەزارەتی پەروەردە قەرەبووی دەکاتەوە، ئەویش بە دواخستنی سەرجەم تاقیکردنەوە و ئەزموونە گشتییەکان.
Top