40 هاونیشتمانیی هەڵەبجە کەرەنتینەکان جێدەهێڵن
سروود حامید، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە راگەیاند، 113 هاونیشتمانیی هەڵەبجە کە لە ئێران گەڕابوونەوە، لە دوو بنکە کەرەنتینە کراون و دوو رۆژی دیکە 40 کەسیان ئەو ماوەیە تەواودەکەن کە بۆیان دیاریکراوە و کەرەنتینەکان جێدەهێڵن.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە باسی لەوەش کرد، هەموو ئەوانەی لە کەرەنتینەکانن پشکنینیان بۆ کراوە و هەڵگری ڤایرۆسەکە نین.
سرود حامید جەختی لەوە کردەوە، لەو 113 کەسەی کەرەنتینە کراون، تەنیا 25 کەسیان خۆیان هاتوونەتە کەرەنتینەکان و ئەوانی دیکە لەلایەن تیمە هاوبەشەکانی تەندروستی و ئاسایشەوە دەستگیرکراون و هێنراونەتە کەرەنتینەکان.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 کەس لە ئێران گەڕاونەتەوە و نەهاتوونەتە کەرەنتینەکان.
لە عێراق تاوەکو ئێستا 27 کەس هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان، پێنجیان لە هەرێمی کوردستانن کە سەرجەمیان لە پارێزگای سلێمانین، حکومەت و وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش سەرەڕای تووندوتۆڵکردنی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی، داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن رێنماییە تەندروستییەکان بە رژدی وەربگرن و جێبەجێیان بکەن، تاوەکو دووربن لە ڤایرۆسەکە.
لە هەموو جیهان تاوەکو ئێستا 91 هەزار و 320 کەس هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان، سێ هەزار و 118 کەس بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە و 48 هەزار و 166 کەسیش چاکبوونەتەوە. زۆربەی ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون و بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە لە چین بوون.
