یەکێتیی زانایان: ئەرکێکی شەرعییە هاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن

یەکێتیی زانایان: ئەرکێکی شەرعییە هاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن
ئەمڕۆ ئەنجەمەنی باڵای فەتوا لە یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ڕاگرتنی وتاری هەینی لە هەرێمی کوردستان، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کرد بڕیارمان داوە وتاری نوێژی هەینی ڕانەگیرێت و تەنیا وتارەکان کەم بکرێتەوە.

لەمبارەوە مەلا وەیسی سەعید، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەکە و بڕیارەکانی لیژنەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی خستە ڕوو.

لە چەن ساڵدا ئەو بڕیار و ڕاسپاردانەی وەک ڕێکاری کاتیی شەرعیی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستانی خستە ڕوو.

وەک هەنگاوێک بۆ خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆرنا، ئەنجومەنی باڵای فەتوا یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە کۆ بووەوە و دوای تاوتوێکردنی هەمەلایەنەی باباتەکە ئەنجومەنی باڵای فەتوا بڕیاری لەسەر ئەم خاڵانە دا:

- ئەرکێکی شەرعییە کە هاووڵاتیان بە وردی پابەندی تەواوی ڕێنماییە تەندروستی و ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بن تایبەت بە خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆرنا.

- بەپێی شەرع ناتوانرێ لە ئێستادا وتاری هەینیی مزگەوتەکان ڕابگیرێ، تەنیا لەو شوێنانە نەبێ کە بەدڵنیاییەوە نەخۆشییەکەی لێ بڵاو بووەتەوە و دەبێتە پەتا، واتە وەبا، ئەوکات دەکرێ بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی ڤاریرۆسەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەوقاف و تەندروستی و لیژنەی فەتوای سنوورەکە نوێژەی بە جەماعەت و وتاری هەینی لەم شوێنە ڕابگیرێت.

- کۆبوونەوە ئایینی و دینییەکانی دیکە وەک ئیسرا و میعراج کەلە ٢٠ی ٣ دەست پێدەکات، ئاهەنگەکانی مەولوودخوێندنەوە و ئاهەنگەکانی بووکگواستنەوە مراسیمەکانی پرسەدانان بە پێویستییەکی شەرعیی دەزانین لەم بارودۆخەدا لە هەموو شوێنێک ڕابگیرێت و لە پرسەدا تەنیا بەشداریی شوشتن، ناشتن و نوێژکردنی تەرمەکان بکرێت و لەسەر گۆڕستان کۆتایی بە پرسەکە بهێندرێت.

- ئەوانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەمرن پلەی شەهیدیان پێ دەدرێت، لایەنی پەیوەندیدار لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرپرسە لە ڕێکارەکانی شوشتن، ناشتن و بە خاکپساردن و نوێژلەسەرکردنیان بەپێی ئەحکامەکانی شەریعەتی ئیسلام.

ئەو کەسانەی ەنخۆشن، یان مەترسیی تووشبوونیان هەیە، دەتوانن ئەو ماوەیە هەتا نەخۆشییەکە دەڕوات، بەشداریی نوێژی هەینی و جەماعەت نەکەن.

- پێویستە سەرجەم چالاکییەکانی تایبەت بە وانەگوتنەوەی ئایینی، ڕۆژانە و شەوانە لە مزگەوتەکان و تەواوی ناوەندەکانی فێرکردنی قوئارنی پیرۆز و بابەتە ئایینییەکانی دیکە لەم قۆناغەدا هاوشێوەی قوتابخانەکان ڕابگیرێن.

- سەردانی نەخۆش نەکرێت، چ لە ماڵەوە ویان لە دەرەوە و بە تەلەفۆن یان بە نامە ئەم سوننەتە ئەنجام بدرێت.

هەموو ئەوانەی لەو وڵاتانە گەڕاونەتەوە کە ڤایرۆسەکەی تێدایە، بەتایبەت لە ئێرانەوە واجبێکی شەرعییە کە بە زووترین کات سەردانی لایەنی پەیوەندیدار بکەن بۆ پشکنین و دڵنیابوونەوە لە نەخۆشییەکە و دڵنیابوونەوەی خۆیان و خێزان و هاووڵاتیان، بە پێچەوانەوە گوناحبار دەبێت.

- هەر کەسێک گومانی ئەم ڤایرۆسە لە خۆی بکات، حەرامە تێکەڵی و سەردانی خەڵک بکات، تەنانەت بۆ جومعە و جەماعەتیش بێت، بەڵکوو پێویستە بە زووترین کات سەردانی لایەنی پەیوەندیدار بکات.

- داوا لە وتاربێژەکان دەکەین لەم ماوەیەدا وتاری هەینی کورت بکەنەوە، هەروەها پاکوخاوێنیی مزگەوتەکان زیاتر ڕابگیرێت و ئامۆژگاریی هاووڵاتیان بکنە دەستنوێژەکانیان لە ماڵەوە ئەنجام بدەن.

لە کۆتاییدا دووپاتی دەکەینەوە کە مەبەست لەو ڕێکارانە، خۆپاراستن و ڕێکاری کاتین و بە پێویستی دەزانین ورەمان بەهێز بێت و پشت بە خوای گەورە ببەستین و تۆبە و ئیستغفاری زیاتر بکەین و هاوکاری یەکتر بین و هەموو کات لە دۆعا و پاڕانەوە و خێر و سەدەقەکردن بەردەوام بین.











باسنيوز

Top