حکوومەت ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بە شێوازێکی نوێ پێک دەهێنێتەوە

حکوومەت ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بە شێوازێکی نوێ پێک دەهێنێتەوە
وەزارەتی شارەوانی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجوومەنی شارەوانییەکان پێک دەهێنێتەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی شارەوانی، کە ئەمڕۆ سێشەممە 3-3-2020 لە پەیجی تایبەتیی وەزارەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کراوەتەوە، لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیی کابینەی نۆیەمی حکوومەت، ئەنجوومەنی شارەوانییەکان بەشێوازێکی نوێ پێک دەهێنرێنەوە.

هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر پرۆژەیەکی وەزارەتی شارەوانی بۆ پێکهێنانەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان، کە ژمارەیان 157 ئەنجوومەنی شارەوانییە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، داوە.

بەگوێرەی پەیڕەوە نوێیەكە، ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان لەسەر بنەمای پلەی شارەوانییەكان دیاری دەكرێن.

ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان بە شێوازە نوێیەکە دەکرێنە دوو بەش، %75ـی ئەندامەکان سەرۆکی فەرمانگە حکوومییەکانی شار و شارۆچکەکان دەبن و %25ـیش نوێنەری رێکخراوە ناحکوومییەکان، سەندیکا و رێکخراوە پیشەیە تایبەتمەندەکان دەبن.

وەزارەتی شارەوانی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، کە نووسراویان بۆ وەزارەتی ناوخۆ کردووە بۆ ئاگادارکردنەوەی یەکەکارگێڕییەکان لە شار و شارۆچکەکان و پێویستە هەموو رێکارەکانی پێکهێنانەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان، لەم مانگە (مانگی 3ـی 2020)، تەواو بن.











باسنيوز

Top