وەزارەتی دارایی: واژۆ لەسەر بە هەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەستی هەڵەبجە و کەرکووک کرا

وەزارەتی دارایی: واژۆ لەسەر بە هەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەستی هەڵەبجە و کەرکووک کرا
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەهەمیشەییكردنی گرێبەستی مامۆستایانەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، وەزیری دارایی واژۆی لەسەر بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەستی پەروەردەی هەڵەبجە و بەشی کوردیی پەروەردەی كەركووك کرد.

ئەحمەد عەبدولڕەحمان، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە پرۆسەی بەردەوامیی وردبینكردندا كاری وردبینی بۆ لیستی مامۆستایانی گرێبەست لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەیمانگەكان و مەشقكردن و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی كەركووك بەشی خوێندنی كوردی تەواو بوو".

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوە کرد، دوای تەوابوونی ئەو وردبینییە، "ئەمڕۆ وەزیری دارایی و ئابووری واژۆی لەسەر بەهەمیشەییكردنیان كرد".

ئەحمەد عەبدولڕەحمان ئەوەی خستەڕوو، "كارمەندانمان لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە لە كاركردن و پرۆسەی وردبینیدا بەردەوامن تاوەكو بتوانین لە چەند رۆژی داهاتوودا كاری وردبینیی مامۆستایانی گرێبەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەكانی هەولێر و سلیمانییش تەواو بكەن".

دوێنێ یەکشەممە 01-03-2020 كاری وردبینیی مامۆستایانی گرێبەستی هەردوو پەروەردەی دهۆك و گەرمیان تەواوبوو و وەزیری دارایی و ئابووری واژۆی لەسەر بە هەمیشەییكردنیان کرد.
Top