نەتەوە یەكگرتووەكان: توركیا بەرپرسە لە تاوانی گرووپە تیرۆریستییەكانی سووریا

نەتەوە یەكگرتووەكان: توركیا بەرپرسە لە تاوانی گرووپە تیرۆریستییەكانی سووریا
ئەمڕۆ دووشەممە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند كە حكوومەتی ئەنكەرا بەرپرسیارە لەو تاوانانەی گرووپە تیرۆریستییەكانی سووریا ئەنجامی دەدەن، چونكە لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە راهێندراون و چەكدار كراون.

هانی مەجالی ئەندامی لیژنەی لێكۆڵینەوەی سەربەخۆ لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند پێویستە توركیا بەرپرسیارییەتی تاوانەكانی گرووپە تیرۆریستییەكانی سەر بە ئەنكەرە لە ئەستۆ بگرێت، چونكە ئەوانە لەلایەن حكوومەتی توركیاوە راهێندراون و چەكیان پێدراوە.

مەجالی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دووپاتی كردەوە كە بە لایەنی كەمەوە دەبێ توركیا بەشی خۆی بەرپرسیارییەتی لە پێشێلكارییەكانی ئەو گرووپە چەكدارانە لە ئەستۆ بگرێ، كە لە سووریا دەرهەق بە هاووڵاتیان ئەنجامی دەدەن.

ئەم لێدوانە لە كاتێكدایە كە توركیا چەند ساڵێكە گرووپە چەكداریە تیرۆریستییەكانی سووریا بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكاردێنێ، لە دواهەمین هەنگاوی ئەنكەراشدا، سەدان كەس لەو چەكدارە تیرۆریستانەی سووریای ناردووەتە لیبیا و لەوێ شەڕێكی نوێیان پێدەكات.

جێی باسە گرووپە تیرۆریستییەكانی سووریای سەر بە ئەنكەرا، كە بە زۆری خۆیان لەناو ڕێكخراوی تیرۆریستیی بەناو "سوپای سووریای ئازاد"دا دەبیننەوە، لە چەند ساڵی رابردوودا سەدان تاوانی كوشتن و تاڵانكاری و پێشێلكاریی تریان دەرهەق هاووڵاتیانی سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام داوە.













باسنيوز

Top