مەسروور بارزانی: بەغدا مووچە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "من ئاگادارم و پێشتریش لەگەڵ بەڕێز کاک فوئاد، وەزیری دارایی حکومەتی عێراق قسەمان کردووە، دیارە بەڕێوەبەرێکی گشتیی کە خۆی نەیویستووە واژۆ لەسەر بڕیارەکە بکات، هەرچەندە جەنابی وەزیریش ئەمری پێکردووە و واژۆشی کردووە کە مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەڵام دیارە تێگەیشتنێکی وەها لای ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە نەبووە و پێیوابووە دەتوانێت ناردنی مووچەکە بۆ هەرێمی کوردستان رابگرێت. لەبەرئەوە ئێمە لەگەڵ جەنابی وەزیر قسەمان کردووە و بەڵێنی داوە کە ئەو کێشەیە تەواودەبێت و مووچە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت "ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە کوردستان قەوارەیەکی دەستووری هەیە کە بەشێکی حکومەتی فیدراڵییە، ئەم قەوارە دەستوورییەی هەرێمی کوردستانیش پێویستە رێزی لێبگیردرێت، بۆ پێکهێنای حکومەتیش یەکێک لە بابەتەکان کە ئێمە بەردەوام جەختمان لەسەر کردووەتەوە کە حکومەتی داهاتووی عێراق پێویستە رێز لە ئەم قەوارە سیاسییە دەستوورییەی هەرێمی کوردستان بگرێت. ئەمەش بۆ بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە".
