چوار هاووڵاتی لە شاری سلێمانی دەرەنجامی پشکنینەکانیان دەرچوو کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنان
بە هاوڵاتیانی خۆشەویست ڕادەگەیەنین کە ئەمرۆ یەكشەمە ١ی ئازاری ٢٠٢٠، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا پشکنین بۆ (٢٤) گومانلێکراو ئەنجامدرا کە لە نێویاندا (٤) هاوڵاتی لە شاری سلێمانی دەرەنجامی پشکنینەکانیان دەرچوو کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 کە پێكهاتبوون لە خێزانیكی ٣ کەسی و ئافرەتێك کە سەرجەمیان پێشتر سەردانی ووڵاتی ئێرانیان کردبوو و دوای گەڕانەوەیان لە پڕۆسەی کەڕەنتین و چاودێری کردنی تەندروستی پشکنینیان بۆ کرا وە لە کاتی ئێستادا لە نەخۆشخانەی جیاکراوەی تایبەت بەم نەخۆشیە دانراون و باری تەندروستیان جێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی جەخت دەکاتەوە کە پێویستە هەموولایەك پابەندی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوەخۆ و ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و پاڵپشتی تیمەکانی تەندروستی بن بۆ دۆزینەوەی هەر گۆمانلێکراوێك و گەشتیارێك کە دوورن لە چاوی تیمەکانی تەندروستی.
هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە کاری پێویست بۆ ڕێکارەکانی خۆپارێزی و دۆزینەوەی گومانلێکراوان و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوە و بەدواداچوونی چارەسەریەکان.
وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
١ ی ئازاری ٢٠٢٠
